توێژینەوەی هانا سەبارەت بە هێرشەکانی کۆماری ئەسلامی بۆ سەر کەمپی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان

ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەییی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە هێرشە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپ و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لەسەر بنەمای بەڵگەنامە کۆکراوەکان، داتا مەیدانییەکان، شایەدیی سەرچاوە خۆجێیییەکان، زانیارییە پزیشکییەکان، وێنە و ڕاپۆرتە تۆمارکراوەکانی شوێنی هێرشەکان، شێوازی هێرشە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە سەر بەو وڵاتەی دژی کەمپەکان و ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی حیزبە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لێک داوەتەوە. ئامانجی ئەم ڕاپۆرتە تەنیا تۆمارکردنی ئاماری هێرشەکان نییە، بەڵکوو هەڵسەنگاندنی یاساییی هێرشەکانە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییە مرۆیییەکان، مافی ژیان، مافی پەنابەران و بەرپرسیارێتیی ئەو دەسەڵاتانەی کە کۆنتڕۆڵی کاریگەریان بەسەر شوێنی ڕووداوەکاندا هەیە.
بەپێی داتا تۆمارکراوەکان، لە ٢٤ی فێبریوەری تا ٢٤ی مەیی ٢٠٢٦، لانیکەم ٨٠٩ هێرش دژی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمار کراوە. لەو ژمارەیە، ٦٤٧ هێرشیان لە سەردەمی جەنگی چالاکدا بووە و لانیکەم ١٦٢ هێرشیان دوای ڕاگەیاندنی ئاگرەبەست ئەنجام دراون. ئەم هێرشانە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەیان گرتووەتەوە و بە شێوەیەکی تایبەت ناوچەکانی وەک جەژنیکان، دێگەڵە، تۆپزاوا، زڕگوێز، زڕگوێزەڵە، سوورداش و سیدەکانیان کردووەتە ئامانج.
داتاکانی ئەم ڕاپۆرتە نیشانی دەدەن کە بەشێکی گرنگی ناوچە ئامانجدارەکان، تەنیا شوێنی سەربازی نەبوون، بەڵکوو شوێنی ژیانی بنەماڵەکان، منداڵان، ژنان، بەساڵاچووان، برینداران، نەخۆشەکان و ئەو کەسانە بوون کە پێگەی پەنابەری یان هاوشێوەی پەنابەرییان هەبووە. هەر بۆیە، هەڵسەنگاندنی یاساییی هێرشەکان نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەندین حاڵەتدا، جیاکاریی پێویستی لە نێوان ئامانجە سەربازییەکان و ژینگە مەدەنییەکاندا نەکردووە و کەمپ و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی بەهۆی پەیوەندیی سیاسی یان ڕێکخراوەییی دانیشتووانەکەیان بە حیزبە کوردییەکانی ئێرانەوە، کردووەتە ئامانج.
١. چوارچێوەی یاساییی باڵادەست
یاسا نێودەوڵەتییە مرۆیییەکان تەنانەت لە دۆخی ململانێی چەکداریدا، هێرشی بێ‌جیاکاری بۆ سەر کەسەکان و شتە مەدەنییەکان قەدەغە دەکەن. “بنەمای جیاکاری”، “بنەمای گونجان” و “بنەمای وریایی لە هێرشدا”، یاسا سەرەکی و پابەندکەرەکانی ئەم بوارەن. بەپێی ماددەی ٤٨ی پڕۆتۆکۆڵی یەکەمی پاشکۆی ١٩٧٧، لایەنەکانی ململانێ دەبێت هەمیشە جیاکاری لە نێوان دانیشتووانی مەدەنی و شەڕکەراندا، و لە نێوان شتە مەدەنییەکان و ئامانجە سەربازییەکاندا بکەن. ماددەی ٥١ی هەمان پڕۆتۆکۆڵ هێرشی ڕاستەوخۆ دژی مەدەنییەکان و هێرشە کوێرەکان قەدەغە دەکات. ماددەی ٥٢یش بڕیار دەدات کە شتە مەدەنییەکان نابێت ببنە ئامانجی هێرش، مەگەر ئەوەی بەهۆی سروشت، شوێن، ئامانج یان بەکارهێنانیان، ڕۆڵێکی کاریگەر و ڕاستەوخۆیان لە کارە سەربازییەکاندا هەبێت.
لەسەر ئەم بنەمایە، تەنیا هەبوونی پەیوەندیی کەمپێک یان شوێنی نیشتەجێبوونێک بە حیزبێکی سیاسی یان ڕێکخراوێکی نەیاری کۆماری ئیسلامییەوە، ئەو شوێنە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناکاتە ئامانجێکی سەربازی. پێوەری یاسایی، وابەستەیی سیاسی نییە؛ بەڵکوو پێوەرەکە بەکارهێنانی عەینی، ئێستا و کاریگەری شوێنەکەیە لە کارە سەربازییەکاندا. خانوە پێش‌دراوستکراوەکان (کۆنتێنەر)، قوتابخانەکان، ناوەندە دەرمانییەکان و شوێنی ژیانی بنەماڵەکان تا ئەو کاتەی پێوەرە وردەکانی ئامانجی سەربازییان تێدا جێگیر نەبێت، لەژێر پارێزگاریی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکاندایە.
لە قۆناغی یەکەمی هێرشەکاندا، لە ٨٠٩ حاڵەتی تۆمارکراو، ٢٨١ هێرش دژی ژێرخانە مەدەنی و نیشتەجێبوونەکانی هەرێمی کوردستان و ١٨٤ هێرش دژی کەمپەکان، ناوەندە دەرمانییەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی حیزبە کوردییەکانی ئێران ئەنجام دراون. ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن کە بەشێکی بەرچاوی هێرشەکان لەو ژینگانەدا ڕوویان داوە کە ئامادەبوونی مەدەنییەکان تێیاندا ئاشکرا و پێشبینیکراو بووە.


٢. شێوازی ئاماریی هێرشەکان و واتای یاسایییەکەی
لە کۆی ٨٠٩ هێرشی تۆمارکراو تا ٢٤ی مەیی ٢٠٢٦، ٥٤٤ هێرش لە پارێزگای هەولێر، ٢٣٠ هێرش لە پارێزگای سلێمانی، ٢٩ هێرش لە دهۆک و ٦ هێرش لە هەڵەبجە ڕوویان داوە. چڕبوونەوەی توندی هێرشەکان لە هەولێر، بەتایبەت لەو تەوەرانەی کە شوێنی کەمپ و بنەماڵەکانی حیزبە کوردییەکانی ئێرانن، نیشانی دەدات کە هێرشەکان بەڕێکەوت نەبوون.
لە سەردەمی جەنگی چالاکدا، ٤٣٪ی هێرشەکان دژی دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا، ٣٤٪ دژی ژێرخانە مەدەنی و نیشتەجێبوونەکانی هەرێمی کوردستان و ٢٣٪ دژی کەمپەکان، ناوەندە دەرمانییەکان و ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی حیزبە کوردییەکانی ئێران تۆمار کراون.

ئەم دابەشکارییە ئامارییە نیشانی دەدات کە بەشێکی زۆری ئۆپەراسیۆنەکان، ژینگە مەدەنییەکانی تێوەگلاندووە.
لە وەها بارودۆخێکدا، بەرپرسیارێتییەکی یاساییی قورس دەکەوێتە سەر شانی لایەنی هێرشبەر. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت لە هەر هێرشێکدا بسەلمێنێت کە ئامانجەکە بە ڕاستی سەربازی بووە، سوودێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ و دیاری هەبووە، و هەموو وریایییەکی پێویست بۆ کەمکردنەوەی زیانی مەدەنی گیراوەتە بەر. نەبوونی وەها هەڵسەنگاندنێک، هێرشەکان دەخاتە ڕیزی هێرشە کوێرەکان، نادادپەروەرەکان یان نایاسایییەکان.


٣. گۆڕانی شێوازی هێرشەکان دوای ئاگرەبەست
داتاکانی پەیوەست بە سەردەمی دوای ئاگرەبەست لە ڕووی یاسایییەوە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە. لە نێوان ٨ تا ٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢٦، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگرەبەست، زیاتر لە ٤٨ هێرش تۆمار کراوە. لەم ماوەیەدا، ٧٥٪ی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام دراون و ٧٨٪یان کەمپەکانی حیزبە کوردییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. لە بەرانبەردا، پشکی هێرشەکان دژی دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ٩٪ دابەزیوە.
ئەم گۆڕانکارییە ئامارییە نیشانی دەدات کە دوای کەمبوونەوەی شەڕی سەرەکی، سەرنجی هێرشەکان بۆ سەر کەمپەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی حیزبە کوردییەکان گواستراوەتەوە. ئەمەش لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆیییەکانەوە نیشاندەری گۆڕانی شێوازی ئۆپەراسیۆنەکانە لە ململانێیەکی سنوورداری سەربازییەوە بۆ بەئامانجگرتنی چڕی کەمپەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی حیزبە کوردییەکان.


٤. ئامانجی سەربازی و قەدەغەکردنی سزای بەکۆمەڵ
لە کۆی هێرشە ئەنجامدراوەکان، لانیکەم ٢١٠ هێرش ڕاستەوخۆ دژی کەمپ و ناوەندەکانی حیزبە کوردییەکان تۆمار کراون. لەو ژمارەیە، ١١٤ هێرش دژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ٧٩ هێرش دژی حیزبەکانی کۆمەڵە، ١٠ هێرش دژی حیزبی ئازادیی کوردستان و ٧ هێرش دژی ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران بووە.
ئەم ئامارە نیشانی دەدات کە هێرشەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان، دووبارەبووەوە و ئامانجدار بوون. بەڵام دووبارەبوونەوەی هێرشەکان لە ڕووی یاسایییەوە سەربازیبوونی ئامانجەکان ناسەلمێنێت. یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگە نادەن حیزبێک، بنەماڵەکانی، قوتابخانە، ناوەندە دەرمانییەکان و کەمپە پەیوەندیدارەکانی بە شێوەیەکی گشتی و بەبێ لێکۆڵینەوەی جیاجیا، وەک ئامانجی سەربازی سەیر بکرێن.
لە هێرش بۆ سەر کەمپی جەژنیکان، داتا مەیدانییەکان باس لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی درۆنی خۆکوژ بە کۆنتێنەرێکی نیشتەجێبوونی بنەماڵەیەک و کوژرانی “شاهین ئازەربەرزین”ی تەمەن ١٧ ساڵ دەکەن. باوکیشی لە کاتی تەقینەوەی دووەمدا تووشی دڕانی سی و سووتانی توند بووە. وەها حاڵەتێک نیشانی دەدات کە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەیەک بەبێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی ئامانجی سەربازی کراوەتە ئامانج و ئەمەش پێشێلکردنی بنەمای جیاکاری و قەدەغەی هێرشکردنە سەر شتە مەدەنییەکانە.


٥. درۆنە خۆکوژەکانی کۆماری ئیسلامی و مەترسییان بۆ سەر مەدەنییەکان
بەپێی ئاماری ڕاپۆرتەکە، لە کۆی هێرشە ئەنجامدراوەکان، ٤٧٧ حاڵەتیان بە درۆنە خۆکوژەکانی “شاهێد-١٣٦” و “شاهێد-١٣١” ئەنجام دراون؛ واتە ٧٩.٣٪ی کۆی هێرشەکان. هەروەها ٢٣٥ هێرش، هاوتای ٢٠.٧٪، بە مووشەکە بالیستییەکانی “فاتیح-١١٠” و “فاتیح-٣١٣” بووە.
بەکارهێنانی درۆنی خۆکوژ لە ژینگە مەدەنی و کەمپەکاندا لە ڕوانگەی یاسا مرۆیییەکانەوە زۆر مەترسیدارە. مەترسیی ئەم چەکانە تەنیا لە هێزی تەقینەوەکەیاندا نییە، بەڵکوو لە شێوازی بەکارهێنانیاندایە دژی ئەو شوێنانەی کە بنەماڵە، منداڵ، بریندار و کەسانی بێ‌چەک تێیاندا ئامادەن. درۆنی خۆکوژ کاتێک بەرەو کۆنتێنەرێکی نیشتەجێبوون یان ناوەندێکی دەرمانی ئاراستە دەکرێت، دەکرێت ببێتە “هێرشێکی کوێر” یان “هێرشێکی نادادپەروەر”، مەگەر ئەوەی ئامانجێکی سەربازیی ڕوون و پشکنینی وردی ئامانجەکە هەبێت.
لە هێرشەکەی جەژنیکان، درۆنی خۆکوژ بووە هۆی کوژرانی شاهین ئازەربەرزین و برینداربوونی توندی باوکی. لە هێرشەکەی سوورداشیشدا درۆنی خۆکوژ شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی کۆمەڵەی کردە ئامانج و “غەزاڵ مەولان” لە ئەنجامدا تووشی زیانی توندی سی بووە. ئەم حاڵەتانە نیشانی دەدەن کە درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لە کرداردا بەر ئەو ژینگانە کەوتوون کە ئامادەبوونی مەدەنییەکان تێیاندا پێشبینیکراو بووە.

٦. مووشەکە بالیستییەکان و ئەسڵی گونجان
جگە لە درۆنە خۆکوژەکان، ٢٣٥ هێرش بە مووشەکی بالیستی تۆمار کراون. بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی لە نزیک کەمپەکان، بینا کارگێڕییەکان، شوێنەکانی نیشتەجێبوون و ئەو ناوچانەی کە خەڵکی لێیە، پابەندبوون و ئەرکەکانی لایەنی هێرشبەر لە ڕووی “بنەمای گونجان” (اصل تناسب) و “بنەمای وریایی” (اصل احتیاط) زۆر قورستر دەکات.
مووشەکی بالیستی لە ژینگە نیشتەجێبووەکاندا، تەنانەت ئەگەر خاڵێکی دیاریکراویش بپێکێت، دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی تەقینەوەی بەهێز، بڵاوبوونەوەی ترکش، ڕووخانی بیناکان، ئاگرکەوتنەوە و زیانی لاوەکیی توند. هەر بۆیە، بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکانە لە نزیک شوێنی ژیانی بنەماڵەکان دەبێت لەگەڵ هەڵسەنگاندنی وردی زیانە ئەگەرییەکان بۆ سەر مەدەنییەکان بێت. لە نەبوونی سوودێکی سەربازیی ڕوون، ڕاستەوخۆ و گونجاو، وەها هێرشێک نایاسایی و قەدەغەیە.


٧. زیانە مرۆیییەکان و شوێنەوارە یاسایییەکانی
بەپێی ئامارە کۆتایییەکان، لە ماوەی نێوان ٢٨ی فێبریوەری تا ٢٤ی مەیی ٢٠٢٦، لانیکەم ٢٢ کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون و ١١٤ کەس بریندار بوون. لە نێوان کوژراوەکاندا، لانیکەم ٩ کەسیان ئەندامی حیزبە کوردییەکانی ئێران بوون. هەروەها لانیکەم ٢٤ کەسی مەدەنی بریندار بوون و سەدان بنەماڵەش لە کەمپەکان ئاوارە بوون.
لە نێوان بریندارەکاندا، لانیکەم ٤١ کەس پێویستییان بە نەشتەرگەریی ئاڵۆز، چارەسەری زیانی سییەکان، چارەسەری سووتانی پلە سێ یان بڕینەوەی ئەندام (قطع عضو) هەبووە. ئەم جۆرە بریندارییانە لەگەڵ شێوازی بەکارهێنانی چەکی تەقینەوە لە ژینگە مرۆیییەکاندا یەک دەگرنەوە و نیشانی دەدەن کە شوێنەواری هێرشەکان تەنیا لە چوارچێوەی ئەو ئامانجانەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت نەمێننەتەوە.
لە هەڵسەنگاندنی یاساییی هەر حاڵەتێکدا، دۆخی قوربانی لە کاتی هێرشدا، سروشتی ئامانجەکە، توانای پێشبینیکردنی زیان بە مەدەنییەکان، گونجانی نێوان سوودی سەربازیی ئیدیعاکراو و زیانی مرۆیی، دەبێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ لێک بدرێنەوە. بەبێ وەها لێکۆڵینەوەیەک، ژمارەی قوربانییەکان تەنیا ئامار نین، بەڵکوو نیشانەی ئەگەری پێشێلکاریی جیدیی یاسا مرۆیییەکانن.


٨. دۆسیەی غەزاڵ مەولان؛ مافی ژیان و بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان
دۆسیەی “غەزاڵ مەولان” یەکێک لە گرنگترین دۆسیەکانی ئەم ڕاپۆرتەیە، چونکە دوو ئاستی بەرپرسیارێتی بە هاوکات دەخاتە ڕوو: بەرپرسیارێتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ئەنجامدەری هێرشەکە، و بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە گەرەنتی کردنی چارەسەری خێرا، کاریگەر و بێ‌جیاکاری دوای هێرشەکە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ١٤ی ئاوریلی ٢٠٢٦، درۆنی خۆکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوچەی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی کۆمەڵەی لە سوورداش کردە ئامانج. غەزاڵ مەولان، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لەم هێرشەدا تووشی زیانی توندی سی بوو. ناوبراو سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش و پاشان بۆ نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی گواسترایەوە. بەپێی ڕاپۆرتە تۆمارکراوەکان، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی بەخشین بۆ ماوەی ٤٥ خولەک لە وەرگرتنی ناوبراو خۆی پاراستووە و نەخۆشخانەی “ئاسیا ئینتەرناشناڵ”یش وەرگرتنی ڕەت کردووەتەوە. غەزاڵ مەولان لە کۆتاییدا بەهۆی خوێنبەربوونی توندەوە گیانی لەدەست دا.
لە ڕوانگەی مافی ژیانەوە، بابەتەکە تەنیا ساتی بەرکەوتنی درۆنەکە نییە. مافی ژیان، دەوڵەتان و ئەو دەسەڵاتدارانەی کە کۆنتڕۆڵی کردەیییان هەیە ئەرکدار دەکات کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو کەسانەی لە مەترسیدان، هەنگاوی خێرا، ژیرانە و بێ‌جیاکاری بنێن. هەر دواکەوتنێکی بێ‌ پاساو، ڕەتکردنەوەی وەرگرتن یان جیاکاری لەسەر بنەمای ناسنامەی سیاسی، ڕەگەز، نەتەوە یان دۆخی ئەمنیی قوربانییەکە، دەکرێت وەک پێشێلکردنی پابەندبوونە ئەرێنییەکان (تعهد مثبت) بۆ پاراستنی مافی ژیان هەژمار بکرێت.
هەوڵەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەسەر لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دواکەوتنی چارەسەری پزیشکی، بەرپرسیارێتیی ئەو نەخۆشخانانەی کە ناویان هاتووە، ڕۆڵی وەزارەتی تەندروستیی سلێمانی و هەبوونی یان نەبوونی ڕێنماییی فریاگوزاری بۆ وەرگرتنی بریندارانی هێرشە سەربازییەکان چڕ بووەتەوە.
٩. بەرپرسیارێتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بووەتە ئامانجی هێرشە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، قوربانیی پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی خاکەکەیەتی. بەڵام، ئەم بارودۆخە بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی هەرێم بەرانبەر بە دانیشتووانی کەمپەکان، پەنابەران، بنەماڵە ئاوارەکان و بریندارەکان لانابات.

بەرپرسانی هەرێم، وەک ئەو دەسەڵاتدارانەی کە کۆنتڕۆڵی کردەیییان بەسەر شوێنی ڕووداوەکاندا هەیە، دەبێت سیستەمێکی کاریگەر بۆ ئاگادارکردنەوە، چۆڵکردن، فریاگوزاری، چارەسەری پزیشکی، نیشتەجێکردنی کاتی، تۆمارکردنی زیانەکان و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دابین بکەن. لەو کەمپانەی کە شوێنی ژیانی بنەماڵەکان و کەسانی خاوەن پێگەی پەنابەریین، ئەم بەرپرسیارێتییە قورسترە.
لە دۆسیەی غەزاڵ مەولاندا، بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی هەرێم دەبێت لە سێ تەوەری سەرەکیدا لێک بدرێتەوە: یەکەم، گەرەنتی کردنی چارەسەری خێرا و بێ‌جیاکاری؛ دووەم، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف دەربارەی ڕەتکردنەوە یان دواکەوتنی ئەگەری لە وەرگرتنی پزیشکی؛ سێیەم، وەڵامدەرەوەبوونی کارگێڕی، شارستانی یان سزایی لە ئەگەری سەلماندنی کەمتەرخەمی، جیاکاری یان پێشێلکردنی ڕێنمایییەکانی چارەسەری فریاگوزاری.

١٠. پاڵپشتی لە پەنابەران و بنەماڵە نیشتەجێبووەکانی نێو کەمپەکان
بەشێکی گرنگی دانیشتووانی ئەو کەمپانەی کە کراونەتە ئامانج، پێگەی پەنابەری یان پێگەی هاوشێوەی پەنابەرییان هەبووە. داتاکانی ڕاپۆرتەکە نیشانی دەدەن کە هێرشەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان بنەماڵە و دۆخی ئەمنی و ژیانی کەمپەکانی گەیاندووەتە ئاستی هۆشداریی جیدی.
لە ڕوانگەی مافی پەنابەران و مافی مرۆڤەوە، بنەماڵە نیشتەجێبووەکانی نێو کەمپەکان نابێت بەهۆی وابەستەیی سیاسی یان ڕێکخراوەییی هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەکەیان، ببنە ئامانجی هێرشی سەربازی. منداڵان، ژنان، بەساڵاچووان، نەخۆشەکان، بریندارەکان و ئەندامانی بنەماڵەکان، تەنانەت ئەگەر لە کەمپێکی سەر بە حیزبێکی سیاسیشدا بژین، پارێزگاریی یاساییی خۆیان لەدەست نادەن. بنەمای سەرەکیی یاسا مرۆیییەکان ئەوەیە کە دۆخی سیاسی یان ئەمنیی گرووپێک، مۆڵەتی هێرشی بێ‌جیاکاری بۆ سەر دانیشتووانی مەدەنی نادات.
١١. قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و پێویستیی بەڵگەنامەکردنی سەربەخۆ
هێرشە تۆمارکراوەکان جگە لە زیانی مرۆیی، بوونەتە هۆی تێکدانی کۆنتێنەرەکان، زیانگەیاندن بە بیناکان، ناوەندە دەرمانییەکان، قوتابخانەکان، ژێرخانە خزمەتگوزارییەکان و ئاوارەبوونی بنەماڵەکان. ئەم زیانانە دەبێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ، ورد و بەبەڵگەکراو تۆمار بکرێن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بەڵگەنامەکردن (مستندسازی) دەبێت ناوی قوربانی، پێگەی مەدەنی یان سەربازی، شوێنی وردی هێرشەکە، جۆری چەک، کاتی هێرش، بڕی زیانەکان، دۆخی دەرمانی، شایەدیی شایەتحاڵەکان، بەڵگە پزیشکییەکان، وێنەی شوێنی ڕووداوەکە و ڕێڕەوی گواستنەوەی بریندارەکان لەخۆ بگرێت. بەبێ وەها بەڵگەنامەکردنێک، دەرفەتی بەدواداچوونی یاسایی، داواکردنی قەرەبوو و وەڵامدەرەوەکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان لاواز دەبێت.
کۆتایی و شەرمەزارکردنی یاسایی
لێکدانەوەی داتا ئاماری و مەیدانییەکان نیشانی دەدات کە هێرشە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە سەر بەو وڵاتە دژی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەتایبەت دژی کەمپەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی حیزبە کوردییەکانی ئێران، نیشانەی جیدیی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆیییەکان، مافی ژیان، مافی پەنابەران و بنەمای پاراستنی مەدەنییەکانیان تێدایە.
بەکارهێنانی بەرفراوانی درۆنە خۆکوژەکان و مووشەکە بالیستییەکان لە ژینگە نیشتەجێبووەکاندا، بەئامانجگرتنی کۆنتێنەرە نیشتەجێبووەکانی بنەماڵەکان، ناوەندەکانی نیشتەجێبوون و ئەو شوێنانەی دانیشتووانی مەدەنییان تێدایە، بەردەوامیی هێرشەکان دوای ئاگرەبەست و ئاوارەبوونی سەدان بنەماڵە، نیشانی دەدەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندبوونە بنەڕەتییەکانی خۆی لە بوارەکانی جیاکاری، گونجان و وریایی پێشێل کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەم هێرشانە بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکات و بە بەشێک لە سیاسەتی سنووربەزێنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەزانێت بۆ سەرکوت، تۆقاندن، سزای بەکۆمەڵ و نائەمنکردنی کۆمەڵگە کوردە نەیارەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. هێرشکردنە سەر کەمپەکان کە شوێنی ژیانی بنەماڵە، منداڵ، ژن، پەنابەر و بریندارەکانە، کردەوەیەکی بەرگریی ڕەوا نییە؛ بەڵکوو دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر کەرامەتی مرۆیی، ئاسایشی گشتی و یاسا بنەڕەتییەکانی نێودەوڵەتییە مرۆیییەکان.
هانا جەخت دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت بەرانبەر بەم هێرشانە، زیانە مرۆیییەکان، ئاوارەبوونی بنەماڵەکان، تێکدانی موڵک و ماڵی مەدەنی و بەکارهێنانی چەکی کوژەر لە ژینگە مەدەنییەکاندا وەڵامدەرەوە بێت. هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێت دەربارەی شێوازی پاڵپشتی لە بریندارەکان، بەتایبەت دۆسیەی “غەزاڵ مەولان”، لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر، سەربەخۆ و شەفاف ئەنجام بدەن و گەرەنتی بکەن کە هیچ بریندارێک بەهۆی ناسنامەی سیاسی، نەتەوەیی یان ئەمنییەوە لە چارەسەری خێرا و ڕزگارکەر بێبەش نەکرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین