گیانلەدەستدانی کاسبکارێکی کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری سەردەشت

​بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر کاسبکارێکی کورد بە ناوی “قازی کاوانی”، خەڵکی گوندی “دۆڵەتوو” سەر بە شارستانی سەردەشت، کە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێڵی سنووری “جاسوسان” بەسەختی بریندار ببوو، ئێوارەی یەکشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

​بەوتەی سەرچاوەکانی هانا، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و دەرەوەی چوارچێوەی ڕێسای یاساییەکان تەقەیان لەم کاسبکارە کوردە کردووە، کە لە ئەنجامدا گوللە بەر سەری کەوتووە. ئەم هاووڵاتییە دوای ڕاوێژکردن و گواستنەوەی بۆ یەکێک لە ناوەندە پزیشکییەکانی شاری مەهاباد، سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، دوای چەند ڕۆژێک بەهۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەوە گیانی سپارد.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بە بەردەوامیی بەکارهێنانی کوشندەی چەکی گەرم دژی کاسبکارانی کورد، جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکاندا، بە پشت بەستن بە فەرمانی دامەزراوە ئەمنیی و دادوەرییەکان و لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی قاچاغی کاڵا، بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی پێویستی، هاوسەنگی و ڕێسا یاساییەکانی بەکارهێنانی چەک، هاووڵاتیانی کورد کە لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، دەکەنە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ؛ کارێک کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی ژیانە و دژ بە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.

RELATED ARTICLES

Most Popular