بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەرەبەیانی سێشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، سزای سێدارەی سەعید نەجەفی و حەمید نەجەفی، دوو برا ،خەڵکی کووهدەشت لە پارێزگای لۆرستان، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.
ئەم دوو برا لە یەک دۆسییەی هاوبەشدا بە تۆمەتی «محارەبە لە ڕێگەی دزیی چەکدارانەوە» بەسێدارە سزا درابوون. جێبەجێکردنی سزاکەیان پێشتر لە مانگی جۆزەرداندا بۆ دابینکردنی دەرفەت بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی سکاڵاکاران و زیانلێکەوتووان ڕاگیرابوو، بەڵام لە کۆتاییدا سزای سێدارەی هەردووکیان جێبەجێکرا.
لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتێکی پشتڕاستنەکراو دەربارەی شێوازی گیانلەدەستدانی ئەم دوو زیندانییە بڵاوکراوەتەوە. بە وتەی کەسێک لە نزیکەکانیان، پێش جێبەجێکردنی سزاکە، هێزی تایبەتی «نۆپۆ» دەستێوەردانیان کردووە و سەعید و حەمید نەجەفی بەهۆی پێکان بە گوللە گیانیان لەدەست داوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەنگۆی پەیوەندیدار بە تەقەکردن و شێوازی وردی گیانلەدەستدانی ئەم دوو زیندانییە پشتڕاست بکاتەوە. تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، دەزگای دادوەری و دەزگا فەرمییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامییش وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی سزا و ڕاپۆرتی بڵاوکراوە دەربارەی تەقەکردن لەم دوو برایە بە شێوەیەکی فەرمی ڕانەگەیاندووە
