بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، “مەجید دەروێشنژاد” ئەکتەر و دەرهێنەری سینما و شانۆی خەڵکی ورمێ، دوای چەند ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.
بەپێی زانیارییە دەستکەوتووەکان، بەڕێز دەروێشنژاد دوای سەردانکردنی کۆمەڵگەی کولتووریی ورمێ، لەسەر بانگهێشتی “حوجەت ئەسغەری” سەرۆکی ئەم کۆمەڵگەیە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هۆنەرمەندە کوردە دوای دەستبەسەرکرانی، گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیی (٩ پلە) لە ورمێ و بۆ ماوەی شەش ڕۆژ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە.
شایانی باسە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون لەبەردەستدا نییە.
