ڕاپۆرتی تیمی مافی مرۆڤیی هانا سەربارەت بە گیانبەختکردنی غەزال مەولان چەپەرئاوا لە ئاکامی هێرشی درۆنی و پرسی بێبەش کرانی لە خزمەتگوزاری پزیشکی لە سلێمانی

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا خەریکی لێکۆڵینەوە لە پرس و هۆکاری گیانبەختکردنی «غەزال مەولان» پێشمەرگە و کوردی کوردستانی ئێران و ئەندامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانە کە ڕێکەوتی ١٤ی ئاوریلی ٢٠٢٦ لە ناوچەی «سوورداش» لە نزیک سلێمانی بە هۆی هێرشی درۆنی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار ببوو و گیانی بەخت کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنی ڕووداو، ناوبراو پاش ئەو هێرشە درۆنییە بە هۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستداوە.

بەپێی وتەی شاهیدان و زانیارییەکان کە لە دەست هانا دایە، غەزال مەولان چەپەرئاوا دوای ئەوەی بە خەستی بریندار بووە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی «شۆڕش» کراوە و ئەوەی ئاشکرایە تەنیا خزمەتگوزاری سەرەتایی ئۆرژانسی وەرگرتووە. دۆخی نالەباری تەندروستی ئەو پێویستی بە تیشک و پشکنینی پێشکەوتوو و چاوەدێری پسپۆری و خزمەتگوزاری زیاتر لە بەشی چاوەدێری ورد بووە. بەم حاڵەشەوە ڕاپۆرتی جێ باوەڕ و بەڵگەمەند لە بەردەست هانا دایە کە خزمەتگوزاری پزیشکی پێویست نەکراوە و هەوڵەکان بۆ گواستنەوە یا وەرگرتنی غەزال لە ناوەندە تەندروستییەکان بە گشتی وەدرەنگ خراوە یا لە وەرگرتنی خۆیان پاراستووە.

ئەوەی کە تا ئێستا تیمی مافی مرۆڤی هانا بۆیان دەرکەوتووە ئەوە دەردەخا دوای ئەوەی ئاشکرا بووە کە هۆکاری بریندار بوونی غەزال هێرشی درۆنی بووە و پێوەندی بە پرس و کاری سیاسییەوەیە، تێبینی و دەستێوەردانی بەدوور لە کاروباری پزیشکی لە بڕیاردان بۆ وەرگرتن و دەرمان و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پزیشکی دەورونەخشی ڕاستەوخۆی گێڕاوە.

ڕاپۆرتی شاهیدەکان ئەوە دەردەخا لە ماوەی ئەو دواخستنانە دۆخی تەندروستی غەزال مەولان چەپەرئاوا بەرەو خرسپی دەروا. دوای هەوڵی بەردەوام بۆ دۆزینەوەی ناوەندی پزیشکی و تەندروستی بۆ وەرگرتنی و چاوەڕوانی زۆر لە ئامبوڵانسدا، لە کۆتاییدا گوازراوەتەوە بۆ «نەخۆشخانەی فاڕوق»، بەڵام ماوەیەکی کورت دوای چوونە ژووری دڵی ڕاوەستاوە. سەرەڕای هەوڵی زۆر بۆ ڕزگار کردنی گیان و ژیانی، گیانی بەخت کردووە. هانا لە هەوڵی لێکۆڵینەوەی وردی بەردەوام بوونی کاتی وەرگرتنی یارمەتی پزیشکی، هۆکارەکانی وەرنەگرتنی و هەروەها ئەو بابەتەی کە بەڕاستی خۆ پاراستن لە وەرگرتنی بە هۆی نەبوونی جێگا و ڕێگا بووە یا دەستێوەردانی نایاسایی و بەر گرتن بۆ پێشکەش کردنی فریاکەوتنی پزیشکی بەپەلە بەڕێوەچووە.

لە ئەگەری پەسند کرانی ئەو دادخوازییە، بابەتەکە لە بواری مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی مرۆڤدۆستانەوە جێگای نیگەرانییە. بەگوێرەی مادەی ٣ی کۆنوانسیۆنەکانی ژنێڤ، کەسانی بریندار و نەخۆش دەبێ بە بێ هەر جۆرە هەڵاواردنێک وەخۆگیرێن و چاوەدێرییان لێ بکرێ. هەروەها بەپێی بنەمای ١١٠ی نەریتی مافەکانی مرۆڤ، پێشکەش کردنی چاوەدێری پزیشکی پێویست، دەبێ لە زووترین کاتی شیاودا و تەنیا لە سەر بنەمای پێوەرە پزیشکییەکان بەڕێوەبچێ و هەرجۆرە جیاوازییەک لە دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی تەنیا دەکرێ بەگوێرەی تێبینی پزیشکی بێ. ئەم بنەمایانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بوارگەلێکدا ڕەچاو دەگیرێ کە دانی خزمەتگوزاری بەپەلی پزیشکی بە هۆکارگەلی ناپێوەندیدار بە پێداویستی کلینیکی وەدواکەوتووە.

شایانی باسە بەپێی ماددەی ٦ی پەیماننامەی مافەکانی مەدەنی و سیاسی پشتیوانی لە مافی ژیان دەکا و ئەرک دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتەکان پێش بە سەندنی سەرەڕۆیانەی مافی ژیان بگرن. جگە لەوە، ماددەی ١٢ی پەیماننامەی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوری، هەر وەک لە شیکردنەوەی ژمارە ١٤ی کومیتەی پێوەندیدار بەیان کراوە، دەستڕاگەیشتنی بێ جیاوازی و هەڵاواردن بە خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی پابەند و زەمانەت دەکا و هەر جۆرە هەڵاواردنێک لە بەشەدا، بۆ وێنە لە سەر بنەمای بیروبۆچوون یا گرێدراوی سیاسی، قەدەغە دەکا. لە ئاوا کەیس و پەروەندەی مەرگێکدا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا بڕیارە تەندروستییەکان لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندنی پزیشکی و نەبوسنی جێگاوڕێگای ناوەندە تەندروستییەکان بووە یان ئەوەی تێبینی سیاسی و ئەمنی ڕەچاو کراوە و خراوەتە جێگای خزمەتگوزارییەکی پزیشکی بێلایەن کراوە.

ئەگەر لێکۆڵینەوەکانی هانا پەسند بکرێ کە وەرگرتن، فریاکەوتن و دەرمانی بەپەلە یا گواستنەوەی دەستبەجێی غەزال مەولان بە هۆی سیاسی، گرێدراوی حیزبی یا جەوهەر و ناسینەی سیاسی ڕووداوەکە ڕەت یا وەدواخراوە، ئەم پرسە دەتوانێ بەرپرسایەتی قورسی یاسایی ناوەندە تەندروستییەکانی پێوەندیدار و هەرورها کارگێڕ و کارمەندانی پزیشکی یا ئیداری بەشدار لەو ڕووداوەدا لە بابەت کار و کردار و تەرکی کار و کاریگەرییان لە سەر ئاکامی مەرگی غەزال، بەدوادا بێ و بێنێتە ئاراوە. لە هەمانکاتدا، هانا لەم قۆناغەدا بەرپرسایەتییەکە بە یەکجاری نابڕێتەوە؛ بەم حاڵەشەوە، پێش گرتن یا دواخستن لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی و بنەڕەتی بە کەسێکی بە خەستی بریندار بە هۆکاری غەیری پزیشکی دەتوانێ نموونەی پێشێل کردنی بنەماکانی قەدەغەکردنی هەڵاواردن، سەرپێچی و لادان لە بەڵێنەکانی پێوەندیدار بە پشتیوانی لە بریندار و نەخۆشان و لە کۆتاییدا زەوت کردنی مافی ژیان لە چوارچێوەی مافە نێونەتەوەییەکاندا بێ.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکوم کردنی توندی هێرشی درۆنی کە بووەتە هۆی بریندار بوون و گیانلەدەستدانی غەزال مەولان، هەر جۆرە قەدەغە و خۆبواردن یا درەنگخستنی نایاسایی بۆ دانی خزمەتگوزاری پزیشکی ڕزگاردەر بە توندی ئیدانە دەکا. ئەم ڕێکخراوە خەریکی لێکۆڵینەوە ورد لە بابەت دادخوازی پێوەندیدار بە وەرنەگرتن و دواخستنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە سلێمانی، بۆ وێنە هەڵسەنگاندنی بەرپرسایەتی مافی نەخۆشخانەکان و کارمەندە پێوەندیدارەکانە.

هەروەها هانا لە ڕوانگەی مافی مرۆڤی و بە ڕێزەوە، داوا لە بەرپرسانی پێوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکا ڕوونکردنەوەی بەپەلە و ڕوون تایبەت بە پڕۆسەی گواستنەوەی بریندارەکە، هۆکاری وەرنەگرتنی، هەرجۆرە فەرمان، بەربەست یا بەرگرتنی ناوەندێک کە لەوانەیە کاریگەری بووبێت لە سەر فریاکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری بەپەلەی پزیشکی بدا.
ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ئاشکرا بوونی ڕاستییەکان، پابەند بوون بە وەڵامدانەوە و پاراستنی باوەڕ و متمانەی گشتی بە بێلایەنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی لە هەلومەرجی هەستیاری سیاسی و ئەمنیدا پێویستە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین