ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە پشتبەستن بە داتای فەرمی، ڕایدەگەیەنێت، دوای ململانێ سەربازییەکانی ئەم دواییە، دەیان هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات زیانیان بەرکەوتووە و بەشێکیان بە تەواوی لەناوچوون. لە ڕوانگەی یاساییەوە ئەم دۆخە تەنها پرسێکی گەشەپێدان نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی نیشتەجێبوون وەک یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.
بەپێی ماددەی ١١ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، حکومەت پابەندە بە داننان بە مافی هەموو کەسێک بۆ نیشتەجێبوونی گونجاو و بە بەکارهێنانی زۆرترین سەرچاوەی بەردەست، مەرجەکانی بەدیهێنانی ئەو مافە دابین بکات. هەروەها بەپێی سەرنجی گشتی ژمارە ٤ی لیژنەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، مافی نیشتەجێبوون پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بە پەناگەیەکی سەلامەت و گونجاو بۆ ژیان و بە شکۆمەندە. لەو بارودۆخانەدا کە هاوڵاتیان لە ئەنجامی شەڕی چەکداریدا ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەست دەدەن، پابەندبوونی دەوڵەت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی قەرەبووکردنەوە پابەندبوونێکی دەستبەجێ و پابەندکەر و ناتوانرێت لە سیاسەتی ناڕاستەوخۆ یان دواکەوتوودا کورت بکرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، لێکۆڵینەوە لە تەرخانکردنی سەرچاوە گشتیەکان گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکان، لەوانەش ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، دەریدەخەن کە لە کاتی پێکدادانی بەربڵاوی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤، هاوکاری نەختینەیی دراوە بە زیاتر لە ٢٣٠ هەزار خێزانی لوبنانی زیانلێکەوتوو، هەروەها نزیکەی ٨ هەزار دۆلار بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوونی وێرانکراو دابین کراوە، لەگەڵ یارمەتییەکانی کرێ، کە ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیە وەسف دەکات کە “بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی لەلایەن ئێرانەوە دەکرێت”.
لە ڕوانگەی یاساییەوە ئەوەی گرنگە تەنها بوونی ئەم پشتیوانییە نییە، بەڵکو کاریگەرییەکەیەتی لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەرکەکانی دەوڵەت. بەپێی مادەی دووەم بڕگەی یەکەمی پەیماننامەکە، دەوڵەتان پابەندن بە بەکارهێنانی “زۆرترین سەرچاوەی بەردەست” بۆ بەدیهێنانی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتییان. لە ئەنجامدا، لە دۆخێکدا کە بەڵگەی باوەڕپێکراو ئاماژە بەوە دەکات کە سەرچاوەکان لە ناوچە سنووربەزێنەکاندا تەرخانکراون، شکستهێنان لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەر و دەستبەجێ و دەستڕاگەیشتن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە بەرفراوانەکانی خانووبەرە لە ناوخۆی وڵاتدا ناتوانرێت بە پاساوی سنوورداربوونی سەرچاوەکان ڕەوا ببینرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە گۆڕینی یارمەتیی داراییی ڕاستەوخۆ بە میکانیزمەکانی وەک هاندان یان سیاسەتی کۆی گشتی کە بەشێکی بەرچاو لە هاوڵاتیان لە کاتی قەیرانی ئابووریدا دەستیان پێناگات، لە بارودۆخی قەیرانی ئابووریدا، بە کردەوە باری قەرەبوکردنەوەی زیانەکە دەخاتە سەر شانەکانی زیانپێگەیشتووان. ئەم ڕویکردە لە دژایەتییەکی ئاشکرا دایە لەگەڵ پابەندبوونە یاسایییەکان لە بەرانبەر مافی نیشتەجێبوون، پێشگیری لە بێماڵی و دڵنیابوون لە کەمترین پێداویستییەکانی ژیانی شایستە.
بەم پێیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا باس لەوە دەکات کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستە دەست بە جێبەجێکردنی دەستبەجێ و شەفافانەی سیاسەتی قەرەبووکردنەوەی کاریگەر، لەوانەش دابینکردنی یارمەتیە داراییەکان، خانووبەرەی کاتی و ئاوەدانکردنەوەی یەکە وێرانبووەکان بکات. بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا، لە ژێر ڕۆشنایی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی حکومەت، دەتوانرێت بە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی نیشتەجێبوون و پێشێلکردنی پابەندبوونەکانی مافی مرۆڤ هەژمار بکرێت.
