لە دوای بڵاوبوونەوەی یەکەمین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە کوشتنی دڕندانەی هێلیا فەتاحی، کچە مێرمنداڵی خەڵکی سنە، بە دەستی دایک و باوکی بە پاڵنەری ناسراو بە «نامووسی»، میدیای ڕۆکنا وێنە ڕەسەنەکەی ئەم قوربانییەی دەستکاری کردووە و بە زیادکردنی حیجاب بۆ سەری و بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوە سەرەتاییەکە، دووبارە بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم کارە، سەرەڕای پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی، لەوانە ئەمانەتپارێزی، وەفاداری بە ڕاستی، ڕەسەنایەتیی بەڵگە وێنەییەکان و پاراستنی مافی سەرچاوەی هەواڵ، بە شێواندنی ڕاستی و دەستدرێژیکردنە سەر کەرامەتی مرۆیی و شوناسی تاکەکەسیی قوربانییەکە دادەنرێت. ماددەکانی ١، ٣، ٨ و ١٠ی جاڕنامەی جیهانیی ئیتیکی ڕۆژنامەنووسان و هەروەها بڕگەی ١١ی ماددەی ٦ی یاسای چاپەمەنییەکانی ئێران، بنەمای ڕوون بۆ شەرمەزارکردنی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە فەراهەم دەکەن.
دژیەکییە قووڵ و بەئازارەکە لەوەدایە کە کچێک بووەتە قوربانیی تێڕوانینێک کە مافی باڵادەستیی بەسەر ژیان، جەستە و ئازادییە تاکەکەسییەکانیدا بە کەسانی دیکە دەدا، کەچی ئێستا میدیایەک، لەبری ئەوەی بپەرژێتە سەر قووڵایی ئەم تاوانە، تەنانەت دوای مردنیشی پۆشاک و وێنەکەی ملکەچی پێوەرە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی دەکات. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بەرهەمهێنانەوەی هەمان لۆژیکی باڵادەستییە کە سەربەخۆیی و ئیختیاری ژنان ڕەت دەکاتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای شەرمەزارکردنی ڕاشکاوانەی ئەم کارە نائەخلاقییە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتی و سەرنووسەریی ڕۆکنا دەکات وێنە شێوێنراوەکە بسڕنەوە، هەواڵەکە ڕاست بکەنەوە و ئاماژە بە سەرچاوە سەرەتاییەکە بکەن و بە فەرمی داوای لێبوردن لە ڕای گشتی بکەن.
کەرامەتی مرۆیی ژنان بە مردنیان بایەخ و ڕەوایی خۆی لەدەست نادات و هیچ میدیایەک مافی ئەوەی نییە شوناسی قوربانییانی ژنکوژی بەپێی ڕەچاوکردنە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥
