ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بەشداری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە نۆزدەهەمین دانیشتنی ئەنجومەنی کاروباری کەمینەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ

نۆزدەهەمین دانیشتنی ئەنجومەنی کاروباری کەمینەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژانی ٢٦-٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بە گرنگیدان بە بەرەوپێشبردنی مافەکانی کەمینەکان لە ڕێگەی دەستپێشخەری و هاوکاریی ناوچەیی لە جنێڤ بەڕێوەچوو. وریا محەمەدی بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەشداری دانیشتنەکەی کرد.

نوێنەری هانا، بە ئاماژەدان بە دۆزینەوە مەیدانییەکانی ئەو ڕێکخراوە لە کوردستانی ئێران، وێڕای ڕوونکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەڵاواردنی پێکهاتەیی و زەوتکردنی مافە بنەڕەتییەکان، جەختی لە سەر پێویستی دەستەبەرکردنی مافی بەشداری کاریگەرانەی کەمایەتییە نەتەوەیی، ئایینی و زمانەوانییەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و لابردنی ئاستەنگە یاسایی و دامەزراوەییەکان لە بەردەم بەهرەمەندبوونیان لە مافە یەکسانەکان کردەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا لەم دانیشتنەدا، داوای لە حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە ڕێوشوێنی تایبەت لە سێ بواردا بگرنەبەر:

١. گەرەنتی مافی بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردنی کەمینەکان لە دامەزراوە گشتییەکان و پرۆسەکانی بڕیاردان؛

٢. پاراستنی مافە فەرهەنگی، زمانەوانی، پەروەردەیی و ئابوورییەکانی کەمینەکان و نەهێشتنی هەڵاواردن لە بەهرەمەندبوون لەم مافانە؛

٣. دڵنیابوون لە بەشداری ڕاستەوخۆی کەمینەکان لە میکانیزمەکانی ڕێگری لە ململانێ و بنیاتنانی ئاشتی و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی پەیوەست بە مافەکانیان.

شایانی باسە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئامادەیی بەردەوامی لەم کۆڕبەندەدا هەبووە و کەڵکی لە توانای میکانیزمەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ بەرزکردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان وەرگرتووە. بۆ نموونە لە شازدەهەمین دانیشتنی ئەم کۆڕبەندەدا لە ساڵی ٢٠٢٣، وتارەکەی غەزال موهتەدی، نوێنەری هانا، سەبارەت بە هەڵاواردنی سیستماتیکی دژی خەڵکی کوردستان، سێ جار ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی دەربڕینی شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران بووەوە؛ کارێک کە ناڕەزایەتی ئاشکرای نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جەختکردنەوەی لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی مافی قسەکردن بەبێ دەستوەردانی نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی، لێکەوتەوە.

بەشداریی هانا لەم کۆڕبەندەدا هاوتەریبە لەگەڵ چالاکییە بەردەوامەکانی ئەم ڕێکخراوە لە بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، دادخوازی نێونەتەوەیی و بەدواداچوونی بەرپرسیارێتی حکومەتی ئێران لە بەرامبەر ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین