رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ماوەی ٧٠٩ ڕۆژە کە عوسمان مامە تەمەن ٥٥ ساڵ شارۆمەندی خەڵکی بۆکان لە جەریانی ناڕەزاییەکانی ژن ، ژیان ، ئازادی دەستبەسەر کراوە بڵام دامودەزگاکانی حکومەت ڕەتیدەکەنەوە بەرپرسیارێتی دەستبەسەر کردنەکەی قەبوڵ بکەن و هیچ جۆرە زانیاریەک سەبارەت بە دۆخی ناوبراو بە کەسوکارەکەی نادەن .
عوسمان مامە کوڕی حەسەن خێزاندار و خەڵکی بۆکان ، لە رێکەوتی "٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١" لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ، ژیان ، ئازادی پاش هاتنە دەرەوە لە ماڵەکەی لە شاری بۆکان لە لایەن دەزگایەکی ئەمنییەوە کە ڕوون نیە کێ بوون دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو .
لە جەریانی بەدواداچوونی هانا سەبارەت بە دوایین دۆخی بێ سەر وشوێن کردنی ئەم شارۆمەندە سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی ڕایگەیاند : لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بنەماڵەی عوسمان مامە سەردانی سەرجەم دامودەزگای ئەمنی و قەزایی بۆکان و تارانیان کردووە بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە و هیچکامیان وڵامدەر نەبوون و وتوویانە سەبارەت بە دەستبەسەر کرانی عوسمان بێ ئاگاین .
بە پێی یاسای دادڕەسی کەیفەری لەم جۆرە کەیسانەدا قازی بەرپرسیارێتی وڵامدانەوە بە بنەماڵەی لە ئەستۆیە و بە دەر کردنی بڕیارێک بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان پێویستە بە ڕوونی سەرنج لە سەر دۆخی یاسایی عوسمان مامە بدات . بەڵام سەرەڕای چەندین جار سەردانکردن قازی بۆکانیش وڵامی بنەماڵەی مامەی نەداوەتەوە .
هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی جددی سەبارەت بە مادەی دووی کۆنواسیۆنی پاراستنی سەرجەمی کەسەکان لە بەرامبەر بێسەروشوێنکردنی بە ئانقەست ، حکومەتی ئێران بە ڕفاندن و بێسەروشوێن کردنی عوسمان مامە تۆمەتبار دەکا خوازیاری وڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامیە لەم بارە و هەروەها خوازیاری دەستبەجێ دەستڕاگەیشتن بە بنەماڵە و خزمەتگوزاری یاسایی و پارێزەر و خزمتگوزاری تەندروستیە بۆ عوسمان مامە .