بە پێی ئەو زانیارییانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، عەبدوڵڵا ئەمینی و رەحیم حەق پەرست دوو شارۆمەندی خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
ناوبراوان ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لەگەڵ پێنج شارۆمەندی تر بە ناوەکانی سەید محەمەد ساڵح حوسێنی، محەمەد حەکیم پور، مستەفا قادری، خالد رەحیمی و حوسێن عەبدوڵڵاهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرابوون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو دوو شارۆمەندە و باقی شارۆمەندانی دەستبەسەرکراو، لە گرتووخانەی ئەمنی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سەقز ئازار و ئەشکەنجە دراون.
تا ساتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان و بارودۆخی پێنج شارۆمەندی تر کە لە گرتووخانە ڕاگیراون هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.
شایانی باسە، کەسانی دەستبەسەرکراو لە ئەندامانی دوو گروپی شاخەوانی هەڵۆ و چیای سەوزی سەقزن.
