لانیکەم ٣٠ شارۆمەندی کورد لە هەشت ڕۆژی ڕابردوودا لە کوردستان دەستبەسەر کراون

بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنەکان لە کوردستان لە سەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی لە ماوەی ٨ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی سەرجەمی دەستبەسەر کراوان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، لەم ماوەدا هێزە ئەمنییەکان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەبێ پێشکەشکردنی حوکمی دادگا و بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و شوێنی کاری ئەم شارۆمەندانە و دەستبەسەریان کردوون ، ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەست رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون باس لەوە دەکەن کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هێزە ئەمنییەکان بە بەکار هێنانی توندوتیژی و لێدان ئەم شارۆمەندانەیان دەستبەسەر کردووە .

 

شایانی باسە ، لەم ڕۆژانەدا بە تایبەت لە سەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی بۆ ڕێگری کردن لە ناڕەزایی و خۆپێشاندان ، کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ ئەدات کەشی ترس و تۆقاندن لە نێو خەڵک و چالاکانی مەدەنی دروست بکات .

RELATED ARTICLES

Most Popular