تەها ڕەسوڵیان بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا

بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ڕۆژی شەممە “١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣” تەها ڕەسوڵیان هونەرمەند و چالاکی مەدەنی خەڵکی پیرانشار ، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزراوە .

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ تەها رەسوڵیان لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازی "ئوجاقلوو" بە تۆمەتی "ئەندام بوون لە یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران و هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی"  بە ٧ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو .

هەروەها ناوبراو لە گوڵانی ١٤٠٢ ، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتی قازی "رەزا قارەمانی ساعەتلو" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە ١٠ ملوێن تمەن جەریمەی نەخدی ، سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچی سزا درابوو .

شایانی باسە ئەم چالاکە مەدەنیە لە رێکەوتی "٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر و لە ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ ، بە دانانی بارمتەی پێنج ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوو .

RELATED ARTICLES

Most Popular