بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە “١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣”، سەربازێکی کورد بە ناسنامەی “بارزان خالدی” کوڕی ئەحمەد و گۆڵچین و خەڵکی شاری بانە ، لە کاتی بەسەر بردنی ئەرکی سەربازییە ئیجبارییەکەیدا لە بارەگای هێزەکانی پۆلیس (هێزی ئینتیزامی) لە شاری خوڕەم ئاوا بە هۆکارێکی نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە .
سیستەمی سەربازی لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ پیاوانی سەروو ١٨ ساڵ ئیجبارییە و ئەگەر کارتی خزمەتی سەربازییان نەبێت سوودمەند نابن لە بەڵگەنامە سەرەتاییەکان بۆ شارۆمەندان وەک پاسپۆرت ، مۆڵەتی کار و کاسبی ، یان کارکردن لە فەرمانگە حکومییەکان و هتد.
بە هۆی دۆخی خراپی ئابوری و نەبوونی هەلی کار و ئاسایشی کار و هەروەها نزمی ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا و نەبوونی هیوا بە داهاتوو ، زۆرێک لە کێشە رۆحی و دەروونییەکانی کۆمەڵگا لە یەکتردا تێکەڵ بوون و ڕۆژانە شاهیدی ناڕەزایەتی جەماوەری و نافەرمانی مەدەنی و بەتایبەت کۆتایی هێنان بە ژیان لە کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران دەبین.