ئاماری دۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ ، لە کوردستانی ئێران 

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا راپۆرتی ئاماری لە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کوردی لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە .

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ لانیکەم ٢٨ شارۆمەندی کورد لە سێدارە دراون و شارۆمەندێک بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانی لە دەستداوە ، لانیکەم ١٠٩ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون ، ٤٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژوا و بریندار بوون ، ٥ زیندانی مانیان لە خواردن گرتووە ، ٢ کرێکار لە کاتی کاردا تووشی ڕووداوی کار بوون و گیانیان لە دەستداوە ، لانیکەم ١٣ کەس خۆیان کوشتووە و ڕووداوی هاتووچۆ بە هۆی پارێزراو نەبوون و خراپی رێگاوبانەکان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ١٦ کەس .

دەستبەسەر کردنەکان :
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ١٠٩ شارۆمەندی کورد لەوانە ٤ منداڵ لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بێ بەڵگەی یاسایی و بڕیاری دادگا ، بانگ کراون و دەستبەسەر کراون .
ناسنامەی سەرجەم دەستبەسەر کراوان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە کە پێشتر بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ حزبەکانی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکی ژینگە پارێزی ، چالاکی مەدەنی و هەروەها چالاکی ئایینی دەستبەسەر کراون ، بە پێی ئەم ئامارە لە کۆی دەستبەسەر کراوان ١٠ کەسیان ژن و ٩٩ کەسیان پیاون . لە مانگی ژانویە ٣ کەس لە زیندانییەکان حوکمی گەندەڵی لە زەوی (مفسد فی العرض)  و 5 کەسیان حوکمی سێدارەیان پێدراوە . 
لەم مانگەدا ١٤ کەس لە زیندانیان لە کۆیدا حوکمی ٣٩٠ مانگ زیندانیان بە سەردا سەپێنراوە .

سێدارە :
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٢٨ شارۆمەندی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە سێدارە دراون . لە کۆی ئەم ژمارەیە ٥ کەسیان زیندانی سیاسی بوون کە بە تاوانی موحاربە لە سێدارە دراون ، ١٥ کەس بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددەهۆشبەرەکان ٥ کەس بە تاوانی دزی چەکداری  و ٢ کەس بە تاوانی کوشتنی بە ئانقەست لە سێدارە دراون . شارۆمەندێکی کوردیش بە ناوی پەیمان عەبدی لە زیندان بە هۆی ئەشکەنجە گیانی لەدەستداوە .

کۆڵبەران : 
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا ، لە ژانویەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٤٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و بریندار بوون . لەم ژمارە ٦ کەسیان کوژراون کە سەرجەم کوژراوەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەت کوژراون . بە پێی ئەم ئامارە ٣٩ کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت بریندار بوون ، ٤ کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە ئاکامی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون .

خۆکوژی :
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ١٣ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە . لە نێوان ئەم خۆکوژییانەدا ٧ کەسیان ژن و ٦ کەسیشیان پیاو بوون . زۆربەی ئەم خۆکوژییانە بە هۆی کێشەی خێزانی و بەشێکیشیان بە هۆکاری نادیارەوە بوون . یەک حاڵەت لە خۆکوژیەکانیش سەربازێک بووە کە لە یەکێک لە پادگانەکانی حکومەت خۆی کوشتووە هەروەها یەکێک لە حاڵەتەکان دکتۆرێک بووە کە بە هۆی دەر کرانی لە شوێنی کارەکەی هەوڵی خۆکوژی داوە و گیانی لە دەستداوە .

کرێکاران :
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ ، دوو کرێکار بە هۆی ڕووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە ، هەروەها ژمارەیەک چالاکی کرێکاری لەوانە ژنێک دەستبەسەر کراوە .

ڕووداوی هاتووچۆ :
ڕێگاوبانەکانی کوردستان بە هۆی خراپی ، پارێزراو نەبوون ، ستاندارد نەبوون ، دۆخی خراپی ئۆتۆمبێلەکان و نزمی کوالێتیەکانیان ، هەموو ڕۆژێک دەبنە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە شارۆمەندان . لە مانگی ژانویەش لانیکەم ١٦ کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون .

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
١ی فێوریەی ٢٠٢٤

بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ڕێگا پێدراوە .

RELATED ARTICLES

Most Popular