سزای لەسێدارەدانی فەرهاد سەلیمی زیندانی عەقیدەتی کورد لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە “٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢” سزای لە سێدارەدانی زیندانی عەقیدەتی کورد فەرهاد سەلیمی کوڕی مەجید خەڵکی ئاوایی دەرەزیرەتی سەرۆ و دانیشتوویی سەقز ، پاش ١٤ ساڵ زیندان لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا .

فەرهاد سەلیمی خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو .

ڕۆژی یەک شەممە "١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢" ناوبراو بۆ جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی قزڵحساری کەرەج ڕاگوێزرابوو .

شایانی باسە سێ کەس لە هاودۆسیەییەکانی فەرهاد سەلیمی بە ناوەکانی "قاسم ئابستە ، ئەیوب کەریمی و داوود عەبدوڵڵاهی " لە رێکەوتی "١٤ی خەزەڵوەر ، ٨ی سەرماوەز و ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢" پاش ١٤ ساڵ زیندان لە زیندانی قزڵحساری کەرەج لە سێدارە دران .

 

‌بە پێی ئەم راپۆرتە ؛ لە مانگی سەرماوەزی ١٣٨٨ ، فەرهاد سەلیمی لەگەڵ شەش شارۆمەندی سونە مەزهەب بە ناوەکانی ئەنوەر خزری ، ئەیوب کەریمی  ،داوودعەبدوڵڵاهی ، قاسم ئابستە خەڵکی شارەکانی سەقز کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کرابوون .
بە پێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوونەتە دەستمان ؛ ئەوان لە ئەنجامی دادگایی کردنی نادادپەروەرانە کە تێیدا قازی دادگاکە پارێزەرەکەیانی لە مافی بەرگری کردن بێبەش کردبوو ، لە جۆزەردانی ١٣٩٧ لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "گەندەڵی لە سەر زەوی" (فساد فی الارض) و تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ئەمنیەتی نەتەوەیی بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کراون . پاش دەستبەسەر کران لە نێوان مانگی سەرماوەزی 1388 تا سەرەتاکانی رێبەندانی  1388 لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی ، ئەم حەوت کەسە گواسراونەتەوە و تۆمەتبار کراون بە ئەندام بوون لە گروپەکانی سەلەفی ، تۆمەتێک کە سەرجەمیان ڕەتیان کردبووەوە .

سەرەڕای پێشێلکارییەکی جدی لە یاساکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە ، لە 14ی ڕێبەندانی 1399 ، لقی 41ی دادگای باڵای وڵات ، حوکمە پێدراوەکانی لە دژی ئەم حەوت زیندانیە پشتڕاست کردەوە و لە مانگی خەرمانانی  1399 ، لقی 38ی دادگای باڵا داواکاری ئەم شارۆمەندانەی بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە رەت کردەوە .
لە مانگی پووشپەڕی 1397 دادگایکی دیکە لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی ، کامران شێخەی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەستی پیاوێک کە لە ئاکامی پێکدانان لەگەڵ ئۆتۆمبێلدا گیانی لە دەستدابوو ، بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کرد و ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەتیشی وەک هاوکارەکانی بە سزای زیندانیکردن مەحکوم کرد .

RELATED ARTICLES

Most Popular