ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە بارودۆخی مەیسەم نەزەری و سوبحان ئەمری لە بەندیخانەی ناوەندی ئیلام

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، مەیسەم نەزەری و سوبحان ئەمری، دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو لە ئێستادا لە بەشی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیراون و لە ژوورێکی سارد و لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردان.

مەیسەم نەزەری، کادری دەرمانی نەخۆشخانەی ئاودانان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هەروەها سوبحان ئەمری، خەڵکی سەراوباخی سەر بە شاری ئاودانان و خوێندکاری یەکێک لە زانکۆکانی دێزفوول، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لەلایەن حەراسەتی زانکۆکەیەوە ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، ئەم دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ ماوەی یەک حەفتە لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئیلام لێکۆڵینەوەی بەردەوامیان لەگەڵ کراوە و لەو ماوەیەدا لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا ڕاگیراون. ئەوان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بۆ بەشی کەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوازراونەتەوە و هێشتاش لە ژوورێکی سارددا ڕاگیراون.

هەروەها بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە تا ئێستا نەیانتوانیوە چاویان پێیان بکەوێت و زانیارییەکی وردیان لەسەر دوایین دۆخی تەندروستی و شێوازی ڕاگرتنی منداڵەکانیان نییە.

بەردەوامبوونی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە لە بارودۆخێکی نالەباردا، هاوکات لەگەڵ بێبەشکردنی بنەماڵەکانیان لە مافی چاوپێکەوتنیان، نیگەرانییەکانی لە سەر بارودۆخی تەندرووستی و یاسایی ئەوان زیاد کردووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین