ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا؛ بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست ئەم ڕێکخراوە گەیشتوون، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان، گوشاریان خستووەتە سەر زیندانییانی سیاسیی پێشوو و کەسانی بەندکراو لە زیندانەکان بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوە حکوومییەکانی ناسراو بە «جانفەدا» و ڕێپێوانەکانی هەفتەی بەسیج.
دۆزینەوەکانی هانا دەریدەخەن کە ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی پێشوو بانگهێشت کراون و بۆ ئامادەبوون لەم بەرنامانەدا خراونەتە ژێر گوشارەوە. هاوکات، بە هەندێک لە زیندانییانی سیاسیی بەندکراو ڕاگەیەندراوە کە سوودمەندبوون لە ئاسانکارییەکانی وەک مۆڵەت و «ڕەئی باز» مەرجدار دەبێت بە بەشداریکردنیان لە گردبوونەوە ئاماژەپێکراوەکاندا و لە ئەگەری خۆبواردن لە بەشداریکردن، لەم ئیمتیازانە بێبەش دەکرێن.
مەرجدارکردنی ئەو ئاسانکارییانەی پەیوەستن بە جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردنەوە بە بەشداریکردن لە بەرنامە سیاسی و حکوومییەکاندا، بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بەرپرسانی زیندانە وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر زیندانییان. ئەم جۆرە هەنگاوانە، لە ئەگەری پشتڕاستبوونەوەیاندا، لەگەڵ بنەمای قەدەغەکردنی مامەڵەی جیاکارییانە لەگەڵ زیندانییان و مافی ئازادیی بیروباوەڕ و ڕادەربڕیندا ناکۆکن و سەربەخۆیی بڕیاردانیان دەخەنە ژێر کاریگەریی هەڕەشەی بێبەشکردن لە ئاسانکارییە یاساییەکان.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە سەپاندنی گوشاری ئەمنی بۆ سەر زیندانییانی سیاسیی ئێستا و پێشوو لە کوردستان و بەکارهێنانی دۆخی یاسایی و هەلومەرجی زیندانیکردنیان بۆ سەپاندنی بەشداریکردن لە گردبوونەوە حکوومییەکاندا، نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت.
