بیست و هەشت ساڵ بەسەر کوشتنی داریووش فرووهەر و پەروانە ئەسکەندەری (فرووهەر)،لە دیارترین کەسایەتییە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی (حیزبی میللەتی ئێران)بە دەستی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات تێدەپەڕێت ،تاوانێک کە ڕەهەندە سامناکەکانی سڕینەوەی ڕێکخراوانەی نەیارانی سیاسیی لە پێکهاتەی ئەمنی کۆماری ئیسلامیدا ئاشکرا کرد.سەرەڕای دانپێدانانی بکەرەکان و قبووڵکردنی فەرمی دەستتێدابوونی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات،لێکۆڵینەوەی دادوەری هەرگیز نەبووە هۆی ئاشکرابوونی تەواوی ڕەهەندەکانی تاوانەکە و لێپرسینەوە لە فەرماندەران و بەرپرسانی باڵا.دۆسیەی کوشتنە زنجیرەییەکانی پاییزی ١٣٧٧ (١٩٩٨) هێشتا بە یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی پێشێلکردنی مافی ژیان،شکستخواردنی دادپەروەری سزایی و پارێزبەندی لە سزا لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا دادەنرێت.
ڕۆژی یەکشەممە،١ی سەرماوەزی ١٣٧٧ (٢٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨)،داریووش و پەروانە فرووهەر لە ماڵی تایبەتی خۆیان لە تاران،لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەخت داڕێژراودا،بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران.مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات دوای چاودێریکردنی شوێنی نیشتەجێ بوونیان و دابەشکردنی ئەرکە ئۆپەراسیۆنییەکان،بە چەندین لێدانی چەقۆ گیانی هەردووکیانیان سەند. بەگوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکیی دادوەری،برینە زۆرەکانی سەر سنگ و سک و زیانگەیشتن بە ئەندامە هەستیارەکانی جەستەیان هۆکاری مردنیان بووە.دانپێدانانە تۆمارکراوەکانی مەئموورەکان،کە دواتر بەشێکی لەلایەن پەرەستوو فرووهەرەوە بڵاو کرایەوە،باس لە بەستنەوەی قوربانییەکان،بەکارهێنانی ماددەی بێهۆشکەر و وەشاندنی چەندین لێدانی چەقۆ دەکات ،گێڕانەوەیەکی هەژێنەر لە کوشتنێکی بەئەنقەست و بەرنامەبۆداڕێژراو بە دەستی مەئموورانی حکوومەت.
ڕەهەندەکانی ئەم تاوانە تەنیا لە شێوازی ئەنجامدانیدا سنووردار نابن .لە وتەی هەندێک لە تۆمەتباراندا(سڕینەوەی فیزیکی) نەیاران وەک یەکێک لە ئەرکە ئۆپەراسیۆنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات وەسف کراوە. یەکێک لە مەئموورەکانیش دانی بەوەدا نابوو کە بەهۆی درێژەکێشانی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی فرووهەرەکان،پارەی (ئیزافە کاری) ئەو شەوەی لەگەڵ مووچەی مانگانە و لە ڕێگەی پسوولەی مووچەی وەزارەتەوە پێ دراوە.ئەم دانپێدانانانە کە لە خوێندنەوەی دووبارەی دۆسیەکەدا لەلایەن پەرەستوو فرووهەر و پارێزەرانی بنەماڵەکانیشەوە خراونەتە ڕوو،نیشانەیەکی نیگەرانکەرن لە ئەگەری بوونی میکانیزمێکی ڕێکخراوەیی بۆ کوشتنی نەیارانی سیاسی ،تا ئەو ئاستەی کە تەنانەت سەندنی گیانی مرۆڤ لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەرکێکی ئیداری و پێدانی پارەی کاری زیادەدا وەسف کراوە.
کوشتنی فرووهەرەکان بەشێک بوو لە زنجیرە کوشتنە سیاسییەکانی پاییزی ١٣٧٧.محەممەد موختاری،شاعیر و ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران،ڕۆژی ١٢ی سەرماوەز بێسەروشوێن بوو و چەند ڕۆژ دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.محەممەدجەعفەر پوویەندە،نووسەر و وەرگێڕ،ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز بێسەروشوێن بوو و دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.مەرگی گوماناویی مەجید شەریف و بێسەروشوێنبوونی پیرووز دوانی بازنەی نیگەرانییەکانی فراوانتر کرد،هەرچەندە لێکۆڵینەوەی فەرمی بە شێوەیەکی سەرەکی تەنیا لە چوار کوشتنەکەی فرووهەرەکان،موختاری و پوویەندەدا سنووردار مایەوە.
وەزارەتی ئیتلاعات سەرەنجام لە ١٥ی بەفرانباری ١٣٧٧ (٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩)، لە ژێر فشاری ڕای گشتیدا،دانی بە دەستتێدابوونی ژمارەیەک لە کارمەندەکانیدا نا،بەڵام بە ناساندنیان وەک هێزی (سەرەڕۆ) هەوڵی دا بەرپرسیارێتی دامەزراوەیی لە پێکهاتەی وەزارەتەکە جیا بکاتەوە.ئەم گێڕانەوەیە پێچەوانەی وتەی مەئموورەکان بوو سەبارەت بە فەرمانە ڕێکخراوەییەکان و پێشینەی ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە. سەعید ئیمامی،یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعات کە وەک یەکێک لە بکەرە سەرەکییەکانی دۆسیەکە ناسێنرابوو،لە جۆزەردانی ١٣٧٨ لە زینداندا گیانی لەدەست دا. مەرگی ناوبراو کە بە فەرمی وەک خۆکوشتن ڕاگەیەندرا،تەمومژەکانی سەر دۆسیەکەی زیاتر کرد.
دادگاییکردن لە بەفرانباری ١٣٧٩،نزیکەی دوو ساڵ دوای ڕوودانی کوشتنەکان،بە شێوەی نهێنی لە دادگای سەربازی بەڕێوە چوو.لە قۆناغی یەکەمدا،١٥ کەس لە کۆی ١٨ تۆمەتبار سزا دران و سزاکانی وەک قەساس و زیندانیکردن دەرچوون کە لە قۆناغەکانی دواتردا گۆڕانکارییان بەسەردا هات.لەگەڵ ئەوەشدا،بنەماڵەی قوربانییەکان و پارێزەرەکانیان،لەوانە شیرین عیبادی و ناسر زەرئەفشان،ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە سنووردارکردنی لێکۆڵینەوەکان،دەستڕاگەیشتنی ناتەواو بە بەڵگەنامەکان و خۆدزینەوە لە لێکۆڵینەوە لە بەرپرسیارێتی بەرپرسانی باڵا.داواکاری ئەوان ئاشکراکردنی تەواوی ئەڵقەکانی زنجیرەی بڕیاردان، دەرکردنی فەرمان و جێبەجێکردنی کوشتنەکان بوو،داواکارییەک کە هەرگیز لە دادگاییکردنێکی سەربەخۆ و گشتگیردا وەڵام نەدرایەوە.ناسر زەرئەفشانیش بەهۆی چالاکییەکانی پەیوەست بەم دۆسیەیەوە ڕاوەدوونرا و سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. لەم ڕووەوە،کێشەی سەرەکیی دۆسیەکە نەبوونی ڕەهای دادگاییکردن نەبوو، بەڵکوو سنووردارمانەوەی لێکۆڵینەوەکان و شکستخواردن بوو لە لێپرسینەوە لە تەواوی بەرپرسە ئەگەرییەکانی تاوانەکە.
کوشتنە زنجیرەییەکان ناکرێت بە جیا لە پێشینەی تیرۆرکردنی ڕێبەران و چالاکانی سیاسیی کورد و نەیارانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.تیرۆرکردنی دکتوور عەبدولڕەحمان قاسملوو،سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ (١٣ی تەممووزی ١٩٨٩) لە ڤیەن،کوشتنی سەدیق کەمانگەر،یاساناس و یەکێک لە ڕێبەرانی کۆمەڵە،لە ١٣ی خەرمانانی هەمان ساڵ لە نزیک ڕانیەی کوردستانی عێراق و تیرۆرکردنی دکتوور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانی لە ڕێستۆرانتی میکۆنووسی بەرلین لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ (١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٢)، لە دیارترین نموونەکانی ئەم پێشینەیەن. دادگای بەرلین لە بڕیارە مێژووییەکەی ١٠ی نیسانی ١٩٩٧دا،ڕۆڵی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە بڕیاردان بۆ تیرۆری میکۆنووس سەلماند. ئەم پێشینانە،لە تەنیشت دۆسیەی کوشتنە زنجیرەییەکان،پێویستیی لێکۆڵینەوە لە شێوازی سڕینەوەی فیزیکی نەیاران و بەرپرسیارێتی دامەزراوە حکوومییەکان لە کوشتنە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دەردەخەن.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییەوە،کوشتنی بەئەنقەستی نەیارانی سیاسی بە دەستی مەئموورانی دەوڵەت،یەکێکە لە توندترین نموونەکانی سەندنی سەرەڕۆیانەی مافی ژیان و پێشێلکردنی ماددەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە ئێران پابەندە بە ڕەچاوکردنی.بەرپرسیارێتی دەوڵەت تەنیا بە سزادانی بکەرە ڕاستەوخۆکانی کوشتنەکەوە سنووردار نابێت،بەڵکوو لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و کاریگەر،دەستنیشانکردنی تەواوی بەرپرسان،دەستەبەرکردنی مافی دەستڕاگەیشتنی بنەماڵەکان بە ڕاستی و دابینکردنی قەرەبووکردنەوەی کاریگەریش دەگرێتەوە.بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان،لەوانە پڕۆتۆکۆڵی مینیسۆتا،تێبینییە ئەمنییەکان و پێگەی حکوومی تۆمەتباران نابێت ببنە ڕێگر لەبەردەم لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدا.
دوای تێپەڕبوونی بیست و هەشت ساڵ،فشارەکانی سەر بنەماڵە دادخوازەکانیش کۆتاییان نەهاتووە. پەرەستوو فرووهەر لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی ئەمساڵدا هەواڵی بانگهێشتکردن و هەڕەشەکردن لەو کەسانەی ڕاگەیاند کە بەنیازی بەشداریکردن بوون لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی دایک و باوکیدا و ڕۆژی ١ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە کەسێک لە دەزگای دادوەرییەوە،هەڕەشەی بەدواداچوونی یاسایی لە بەشداربووانی ئەگەریی ڕێوڕەسمەکە کردووە ئەگەر ناوبراو وتەی ڕەخنەگرانە پێشکەش بکات.ئەم جۆرە کردەوانە،لە ئەگەری سەلماندنیاندا،دەستدرێژییەکی ئاشکران بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین،گردبوونەوەی ئاشتییانە و مافی بنەماڵەی قوربانییەکان بۆ دادخوازی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کوشتنە دەرەوەی دادگاکانی نەیارانی سیاسی،شاردنەوەی ڕەهەندەکانی تاوانە حکوومییەکان،پارێزبەندی بکەران و فەرماندەران لە لێپرسینەوە و فشارخستنە سەر بنەماڵە دادخوازەکان بە توندی شەرمەزار دەکات.تێپەڕبوونی کات نە بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە بەرامبەر پێشێلکردنی زەقی مافی ژیان هەڵدەوەشێنێتەوە و نە مافی قوربانییەکان و بەجێماوان بۆ دۆزینەوەی ڕاستی،دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان لەناو دەبات.هەروەها،لەو حاڵەتانەدا کە کوشتنە سیاسییەکان ڕەگەزی تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان تێدایە کە بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ناچن،نابێت بەدواداچوونی سزایی بۆ بەرپرسان بە بیانووی تێپەڕبوونی کات هەڵبوەشێنرێتەوە.
دۆسیەی کوشتنە زنجیرەییەکان،بەدەر لە ڕاگەیاندنی داخستنی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکانی پێشوو،لە ڕوانگەی مافی زانینی ڕاستی و بەرپرسیارێتی دەوڵەتەوە هێشتا کراوەیە.دادخوازیی کوشتنە سیاسییەکان،ئاشکراکردنی تەواوی ڕەهەندەکانی تاوانەکان،دەستنیشانکردن و لێپرسینەوە لە بکەران و فەرماندەران و دەستەبەرکردنی دووبارەنەبوونەوەیان،دەبنە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی دادپەروەری ڕاگوزەر لە ئێراندا.ڕاستی بە تێپەڕبوونی کات، بەرژەوەندی سیاسی یان پارێزبەندیی حکوومی لەبیر ناکرێت و مافی دادخوازی تا بەدیهاتنی دادپەروەری بەردەوام دەمێنێتەوە.
