کوژرانی زەهرا جەدیدی کچی تەمەن ١٥ ساڵ بە دەستی دەزگیرانەکەی لە میاندواو

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەیشتوون، ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥، زەهرا جەدیدی کچی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی میاندواو، لە پارکی ساحلی ئەم شارە بە دەستی دەزگیرانەکەی بە ناوی “عەلی ئەسغەر فەیازییان” تەمەن ٢١ ساڵ، بە لێدانی چەقۆ کوژراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، زەهرا لە دەورانی منداڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەم کەسە کردووە، بەڵام بە تەما بووە کۆتایی بەم پەیوەندییە بهێنێت. سەرچاوەکانی هانا دژایەتی دەزگیرانەکەی لەگەڵ بڕیاری جیابوونە بە هۆکاری پەیوەندیدار بەم کوشتنە دەزانن.

عەلی ئەسغەر دوای کوشتنەکە، بە چەکی ڕاوکردن، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. هەروەها فەرماندەی ئینتیزامی میاندواو ڕوودانی ئەو ڕووداوە و دۆزینەوەی تەرمی هەردوو کەسەکەی لە نزیک شوێنی ڕووداوەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کوشتنی زەهرا جەدیدی بە نموونەیەکی شۆک هێنەری توندوتیژی دژی کچان دەزانێت کە تیشک دەخاتە سەر پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی هاوسەرگیریی منداڵان و دەستەبەرکردنی مافی ژنان و کچان بۆ وازهێنان لە پەیوەندییە نەخوازراوەکان. گیانلەدەستدانی تاوانبار نابێت ڕێگری لە لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هاوسەرگیریی زەهرا لە تەمەنی منداڵی و ئەو چوارچێوەیەی کە ئەم تاوانە تێیدا ڕوویداوە بکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین