کوشتنی کچێکی ١٦ ساڵان لەلایەن دایک و باوکییەوە لە سنە

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون،ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ (٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) هێلیا فەتاحی،کچێکی تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی شاری سنە،لەلایەن دایک و باوکییەوە و بە پاساوی (نامووس) کوژراوە.

بەگوێرەی زانیارییە بەدەستگەیشتووەکان،دایک و باوکی ئەم مێرمنداڵە سەرەتا لە ڕێگەی پێدانی حەبی خەوەوە بێهۆشیان کردووە و پاشان بە دانانی سەرین لەسەردەمووچاوی،خنکاندوویانە. هەروەها سەرچاوەکانی هانا باس لە دانپێدانانی ڕاشکاوانەی ئەو دایک و باوکە بە ئەنجامدانی ئەم تاوانەدا دەکەن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،هەروەک چۆن چەندین جار جەختی لەسەر کردووەتەوە،مافی ژیانی ژنان و کچان بە دەستدرێژینەکراو دەزانێت و هەر جۆرە پاساوهێنانەوەیەک بۆ کوشتنیان بە پشتبەستن بە (نامووس) بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکان یان پەیوەندییە خێزانییەکان ڕەت دەکاتەوە.
ئەم ژنکوژییە تۆقێنەرە،دەرکەوتەیەکی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەز و کەلتووری باڵادەستییە بەسەر ژناندا و پێویستی بە بەدواداچوونی دادوەریی کاریگەر و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هەیە،بێ گوێدان بە پەیوەندیی خێزانییان لەگەڵ قوربانییەکەدا.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە،هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراو سەبارەت بە ڕێکارە دادوەرییەکان و ڕەوتی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە لەبەردەستدا نییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین