سنە: رووخانی بینایەکی کۆن و مانەوەی چەند کەس لە بن داروپەردوودا  

هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی مافی مرۆڤی هانا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی خرمانانی ١٤٠١ – (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، بینایەکی دێرین و پەڕتووکاو لە سنە کە ببووە سەرپەنای ژمارەیەک خەڵکی بێ مال و حاڵ و کارتۆنخەو، رووخاوە و بە هۆی ئەم رووداوە چەند کەس وەبن داروپەردووی بیناکە کەوتوون و تا ئێستا کەسێک بە یارمەتی سەگ دۆزراوەتەوە و رزگاری بووە. 

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، زانیاری زیاتر لە سەر ژمارەی بریندار یا کوژراوەکانی ئەم رووداوە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نەهاتووە و لە ئەگەری گەیشتنی هەواڵی تازە بڵاوی دەکەینەوە. 

جێگای ئاماژەیە، بەپێی ئەو ئامار و داتایانەی لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نادەوڵەتییەکانی ئێران بڵاوبوونەوە، رێژەی خەڵکانی بێ ماڵ و حاڵ و بێ سەرپەنا لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە گەشەیە. نەبوونی پڕۆژە و ڕێگەچارەیەک بۆ دامەزراندن و دابینکردنی ماڵ و سەرپەنا بۆ ئەو شارۆمەندانە ئێستا بووەتە کێشەیەکی گەورە و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لەو شارۆمەندانە بە رووداوی لەم جۆرە یا سەرما و بەستەڵەک و نەبوونی خزمەتگوزاری بێهداشتی و پزیشکی گیانیان لەدەستداوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular