گواستنەوەی ٨ چالاکی مەدەنی بانە بۆ بەندیخانەی سنە 

هانا: رۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (١٨ی ژولای ٢٠٢٢)، هەشت چالاکی مەدەنی خەڵکی بانە کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کرابوون، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازراونەوە. 

ناوی ئەم شارۆمەندانە بەم جۆرەی خوارەویە: 

١. ئەحمەد حسێنپوور تەمەن ٣٠ ساڵ 
٢. جەعەفەر زەریفی تەمەن ٢٩ ساڵ 
٣. ئارام ساڵح‌پوور تەمەن ٢٦ ساڵ 
٤. رەحمان ساڵح‌پوور تەمەن ٣٥ ساڵ 
٥ . هادی مەحموودی تەمەن ٣٥ ساڵ 
٦. مەهدی نەورۆزی تەمەن ٣١ ساڵ 
٧. زانا میهری تەمەن ٣٠ ساڵ 
٨. محەممەد مەحموودزادە تەمەن ٢٦ ساڵ 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە هەر وەک هانا پێشتر هەواڵەکەی بڵاوکردبۆوە ئەم شارۆمەندانە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (١١ی ژولای ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئێسلامی ئێرانەوە سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کرابوون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستبوویاننەوە.  

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم هەشت چالاکە مەدەنییە حەوتوویەک لە گرتووخانەی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت لە بانە بێ ئەوەی لە مافی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بەهرەمەند بن لە ژێر لێپرسینەوە و لێپیچینەوەدا بوون و رۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕ رەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراون. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "هانا"ی راگەیاند، ئەم هەشت چالاکە مەدەنییە تۆمەتی هاوکاری حزبەکانی کوردستان دراوەتە پاڵیان، ئەوە لە حاڵێکدایە چالاکی ئەم شارۆمەندانە لە رێگەی "ئەنجومەنی پاژین"ـەوە بووە و ئەوەش ئەنجومەنێکی مەدەنییە و تەنیا چالاکی مەدەنی دەکا و سەر بە هیج حزبێکی سیاسی کوردستان نییە. 

لێرەدا چەند بەندی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی شارۆمەندان وەک خۆی دادەنێن. بەپێی ئەم بەندانەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، دەستبەسەرکردنی ئەم شارۆمەندانە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. 

بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 

بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا. 

بەندی ١١- هەر کەسێک هەر تاوانێکی درابێتە پاڵ یا پێی تاوانبار کرابێ، تا لەلایەن دادگایەکی ئاشکرا و بێ لایەنەوە کە هەموو مافەکانی بەرگری لە خۆی پارێزراو بێ، تاوانەکەی دەرنەکەوتبێ، بە بێ تاوان دەژمیردرێ.    

بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 

بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ. 

RELATED ARTICLES

Most Popular