گیانلەدەستدانی مزەفەر مرادی ئەندامی کۆمەڵە 

هانا: رۆژی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (١٠ی ژولای ٢٠٢٢) مزەفەر مرادی ئەندامی کۆمەڵە پاش سێ ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ برین و ئێش و ئازار لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەستدا. 

مزەفەر مرادی خەڵکی کامێران و ماوەی چوار ساڵ لە هەرێمی کوردستان ئەندامی کۆمەڵە و خەریکی هەڵسووڕانی سیاسی بوو. ناوبراو رێکەوتی ١١ی ژولای ٢٠١٩ لە ئەنجامی تۆپبارانی بنکەکانی کۆمەڵە لە بەرزاییەکانی "سیدەکان" لە هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە، بە خەستی بریندار بوو. لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا لەگەڵ ئێش و ئازاری برینەکانی بەربەرەکانێی کردووە و سەرەڕای چەندین نەشتەرگەری و هەوڵی پزیشکان بەڵام بە هۆی هەر ئەو برینانەوە رۆژی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانی لەدەستداوە. 

جێگای ئاماژەیە بنەماڵەی مزەفەر مرادی گەلێک جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە بە هۆی چالاکی سیاسی ناوبراو بە توندی کەوتوونە ژێر گوشار و چاوەدێری و لێپرسینەوە. 

شایانی باسە سپای پاسداران گەلێک جار بە بیانووی بوونی حزبە کوردەکانی نەیاری لە هەرێمی کوردستان، تۆپباران و مووشەکبارانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە کە ئەمەش بە پێچەوانەی پەیماننامە و پرەنسیپە نێونەتەوەییەکانە. 

لە بەرامبەریشدا حزبەکانی کوردستان کە هێزی پێشمەرگەیان هەیە گەلێک جار ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشە و مافەکانی گەلی کورد دەربڕیوە بەڵام لە بەرامبەردا لانیکەم دوو جار رێبەری حزبە کوردییەکان لە کاتی کۆبوونەوە و وتووێژدا لەلایەن دیپلۆماتەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە ترۆر کراون.  

RELATED ARTICLES

Most Popular