بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠١ – (١٢ی مەی ٢٠٢٢)، مامۆستایانی کوردستان هاوئاهەنگ لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و خەڵک لە سەراسەری ئێران، بۆ وەدەستهێنانی دواکارییەکانیان لە شارەکانی کوردستانیش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
بەپێی ئەم راپۆرتە، مامۆستایان لە شارەکانی کرماشان، سنە، مەریوان، سەقز، دێولان، شاە ئاباد (ئیسلاماوا)، بیجاڕ و دیواندەرە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و دەربڕینی داواکارییە پیشەییەکانی خۆیان لە بەر دم بیناکانی فێرکردن و پەروەردە یا بینا دەوڵەتییەکان کۆبوونەوە.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان لە "هەرسین"ی سەر بە پارێزگای کرماشان پێشیان بە کۆبوونەوەی مامۆستایان گرت و نەیانهێشت بەڕێوەبچێ.
لەو ناڕەزایەتییانەدا مامۆستایان و ناڕازییان خۆازیاری وەدەستهێنانی مافە پێشەییەکانی خۆیان، خوێندن بە زمانی دایک و ئازدکرانی مامۆستایانی بەندکراو بوون.
لە مەریوان سەرەڕای ئەوەی دوێنێ شەو سێیەمین کەس لە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەری شووڕای هاوئاهەنگی مامۆستایان "مەسعوود نیکخا" دیسانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە یەکگرتووانەتر بە بەشداری و پشتیوانی چالاکانی مەدەنی و خەڵکەوە بەڕێوەچوو.
شایانی باسە ئەم ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدا لە کوردستان بەڕێوەدەچن کە هەر ئێستا، "ئەسکەندەر لوتفی" (سۆران)، "شەعبان محەممەدی" و "مەسعوود نیکخا" سێ کەس لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەری شووڕای هاوئاهەنگی مامۆستایانی ئێران لقی مەریوان و "فەرهاد میرزایی" چالاکی پیشەیی و فەرهەنگی خەڵکی شاە ئاباد (ئیسلاماوا) لە بەندیخانەکان دەستبەسەر و بەندکراون و گرتنی هەمووشیان سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی بووە.
لە خوارەوە بەندەکانی ١٩ و ٢٠ وەک خۆی دادەنێین.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
