هانا: رۆژی شەممە ١٠ی گوڵانی ١٤٠١ – (٣٠ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، تاقمێک لات و چەقۆکێشی بەکرێگیراو لە گەڕەکی گۆڕی دانیال لە شووش سەر بە پارێزگای خوزستان هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەس کاسبکار و دەستفرۆشی کورد و وتوویانە مافی ئەوەتان نییە لە ناوچە و شاری ئێمە کار و کاسبی بکەن.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە بە وتەی یەکێک لە دەسفرۆشەکان کە لەگەڵ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پیوەندی گرتووە رایگەیاندووە، "هەر وەک ئاگادارن لە کوردستان بە هۆی بێکاری و هەژاری، خەڵک پەنایان بردووەتە کۆڵبەری و بەم حاڵەشەوە هێزە چەکدارەکانی حکومەت تەقەیان لێ دەکەن و یا کەسانی دیکەی وەک ئێمە بۆ پەیدا کردنی کار و نان بە ناچار زێدی خۆمان بەجێدێڵین و روو دەکەینە شارەکانی تری ئێران، ئەویش نە ئەمنییەتی کارمان هەیە و نە ئەمنییەتی ژیان. بەڕاستی خۆشمان لەم دۆخە بێزارین".
هەروەها ئەم کاسبکارە لە درێژەدا وتی: " هەر وەک لەم ڤیدیۆیەشدا بۆم ناردوون دەیبینن هێزە ئینتزامییەکانی حکومەت راوەستاون لێمان دەڕوانن و هیچ هەنگاوێکیش بۆ بەرگری لە ئێمە یا بەرگرتن بە هێرشی ئەو تاقمە هەڵناهێنن و کاردانەوەیەک لە خۆ نیشان نادەن. پێویستە بزانن هیچ کەسیان لەم پێوەندییەدا دەستبەسەر نەکرد.
ئایا سەیرە ئەگەر بڵێین ئەو تاقمە پشتیان بە شوێنێکەوە گەرمە و لە جێگایەوە هانیان داون؟
