جوانڕۆ: گیانلەدەستدانی لاوێک و برینداربوونی یەکیتر بە هۆی راوەدوونانی پۆلیسەوە  

هانا: بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ “هانا” هاتوون، رۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (١٥ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، لاوێکی کورد لە نزیک ئاوایی “سارۆخان” لە ناوچەی جوانڕۆ بە هۆی راوەدوونانی ماشێنێک لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە گیانی لەدەستداوە و لاوێکی تریش بە تووندی بریندار بووە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزەکانی پۆلیس ماشێنێکی جۆری "سایپا"یان بە گومانی ئەوەی کە گۆیا باری قاچاخی پێیە راوناوە و لە ئاکامدا ئەو ماشێنە لە جادەدا لە دوو لاوی ماتۆرسواری داوە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەویتریش بە سەختی بریندار بووە. لە راپۆرتەکەدا ناوی ئەم لاوانە بەم جۆرە هاتووە، "ئێحسان ئەحمەدی" و "نیما کەریمی" خەڵکی ئاوایی "سارۆخانی خواروو" لە ناوچەی جوانڕۆ. 
لە ئاکامی ئەم رووداوەدا بەداخەوە "ئێحسان ئەحمەدی" گیانی لەدەستداوە و "نیما کەریمی" بە توندی بریندار بووە. شایانی باسە لەم گرانییەدا دەوا و دەرمان و تێچووی دوکتور و نەخۆشخانە گوشار دەخاتە سەر شارۆمەندان و بنەماڵەی نیما کەریمی بۆ دابینکردنی تێچووی پزیشک و دەرمان لەگەڵ گرفت بەرەوڕوون.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular