بەپێی راپۆرتێک کە لە لایەن هاوکارانی “رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا”وە پێمان گەیشتووە، لە رۆژانی رابردوودا لانیەکەم ١٢ کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی سەر سنوور لە “نەوسوود” و “بانە” بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (١٢ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، لە بەرزاییەکانی سەر سنووری نەوسوود لانیکەم ١١ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران بریندار بوون. هاوکارانی "هانا" لەم راپۆرتەدا ناوی ٧ کەس لەو کۆڵبەرانەیان بۆ ناردووین و بەم جۆرەی خوارەوەیە:
١.سەلام مرای
٢. یەحیا رۆستەمزادە
٣. فریاد ئەداک
٤. ئاڕمان مستەفازادە
٥. سالار ئەعزەمی
٦. فەرزاد ئیمامی
٧. ستار (دواناوی ئاشکرا نییە)
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، باری ئەو کۆڵبەرانە لە لایەن پاسدارانی حکومەتی ئیسلامییەوە دەستیبەسەرداگیراوە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (١٣ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، لە بەرزاییەکانی سەر سنووری "هەنگەژاڵ"ی ناوچەی بانە کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی "محەممەد مەولوودی" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە پشتێنەوە پێکراوە و بە توندی بریندار بووە و دواتر بۆ بنکە دەرمانی و پزیشکییەکانی بانە بەڕێکراوە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە.
بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ.
