هانا: بەندکراوی سیاسی “هوشەنگ رەزایی” خەڵکی نەهاوەند لە بەندیخانەی “رەجایی شەهر”ی کەرەج لە رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە مانی لە خواردن، خواردنەوە و خواردنی دەرمانەکانی گرتووە و رەوانەی بەندی ئەمنییەتی بەندیخانەی “رەجایی شەهر” کراوە. ناوبراو رایگەیاندووە بە هۆی دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت لە پڕۆسەی قەزایی مانی گرتووە و نامەیەکی ناوبراویش لەمبارەوە بۆ “رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا” هاتووە و لە خوارەوە بڵاویدەکەیەنەوە.
شایانی باسە ئەم بەندکراوە سیاسییە، ٩ی جۆزەردانی ١٣٨٩ لە تاران دەستبەسەر کراوە و مانگی گوڵانی ١٣٩١ دوای تێپەڕکردنی شەش مانگ لە ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی "ئێڤین" بۆ گرتووخانەی "رەجایی شەهر"ی کەرج گوازرابۆوە. "هوشەنگ رەزایی" ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و لەو بەندیخانەیە خەریکی تێپەڕکردنی سزاکەیەتی. جێگای ئاماژەیە ناوبراو نەخۆشی دیابێتی هەیە و پێوەیستی بە دەرزی ئانسۆلینە.
لە خوارەوە دەقی نامەکەی هوشەنگ رەزایی بڵاودەکەینەوە.
" بەم جۆرە رایدەگەیەنم من "هوشەنگ رەزایی" لە مانگی رێبەندانی ١٤٠٠وە تا ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ هەموو رێگا یاساییەکانم گرتەبەر و لە مانگی بەفرانبارەوە ١٠ جار بەڵێنیان پێ داوم پاش حەوتوویەک یا ١٠ رۆژی تر ئازادم بکەن و هەموو جارێ بەڵێنەکەیان نەبردووەتەسەر و دەستیان لە گۆزە ناوم. پێوەندیم بە هەر کام لە قازی یا بەرپرسەکانی ترەوە کردووە یا چوومە لای، پێیانگوتووم بنووسە بە مەرجەوە ئازادم بکەن و منیش نووسیومە و بەڵام هەموو جارێ بەڵێنی ئەوەیان دەدا ماوەی حەوتوویەک تا ١٠ رۆژی تر ئازادم بکەن و پاش رۆیشتنی ئەوان هیچ وەڵامێکم بۆ نەدەهاتەوە.
من لە ماوەی ئەو دوو کەڕەتەی کە لە بەفرانباری پارەکەدا چووم بۆ مەرەخەسی، سەردانی دادسەرای موقەدەس- م کردووە و دیسان لەلایەن قازی چاودێری بەندکراوە سیاسییەکانەوە هەر ئەو بەڵێنەم پێ دەدراو و دیسانەوە هەر بەو شێوەیە بەڵینەکەی خۆیان نەدەبردە سەر و هەر بۆم پرسیار بوو ئەگەر هەموویان رازین، ئەی کێشە چییە؟
بەڵام تەنیا جوابێک کە خۆم پێی گەیشتووم ئەمە بوو، ناوەندە ئەمنییەکان وەک هەمیشە رێگری سەرەکین و ئەمەش یانی ئەوەی دادستان و سەربەخۆ نییە و هەر بۆیە تەنیا ریگایەک کە بۆ من مابۆوە ئەمە بوو، بۆ ئەوەی دەنگم بە گوێی هەمووان رابگا مان لە خواردن و خواردنەوە و وەرگرتنی دەرمانی نەخۆشینەکەم بگرم، هەرچەند دەزانم زەبرێکی قەربوونەکراوەم وێدەکەوێ."
بەندکراوی سیاسی
هوشەنگ رەزایی
