هانا: بەپێی راپۆرتێک کە گەیشتووەتە هانا، بەندکراوی سیاسی کورد “مەسعود حاجیزادە” پێویستی بەپەلەی بە نەشتەرگەری هەیە و بەرپرسانی بەندیخانە دژایەتی خۆیان بۆ چاوپێکەوتنی پزیشک و ئەنجامدانی نەشتەگەری دەربڕیوە.
هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە درێژەی راپۆرتەکەدا رایانگەیاندووە، لاقی "مەسعود حاجیزادە" پێویستی بە نەشتەرگەرییە و دەبێ پڵاتینێک کە پێشتر لە لاقیدا بووە بێتەوەدەر بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە دژایەتی خۆیان بۆ چاوپێکەوتنی پزیشک و وەرگرتنی چارەسەر دەربڕیوە.
مەسعود حاجیزادە تەمەنی ٤٥ ساڵە و خەڵکی گوندی "ئینگیجە" لە ناوچەی سۆماوبرادۆستی ورمێیە. ناوبراو رێکەوتی ١٦ی رەزبەری ١٣٩٨ – (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن ئیتلاعاتی ورمێ سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراوە. سەرەتا بۆ ماوەی ١١ رۆژ لە گرتووخانەی "ئەلمەهدی" ئەو شارە بەند کرا و پاشان رێکەوتی ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٨ – (١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.
شایانی باسە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتریش لەم بارەوە نیگەرانی خۆی لە دۆخی نالەباری تەندروستی ئەم شارۆمەندە راگەیاندبوو.
