هانا: رۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ – (١٤ی دیسەمبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانی بۆ بەندیخانەی مەریوان گوازراوەتەوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە "زانا کەسرایی" تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شارەدێی "نێ" راگەیەندراوە.
بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، ناوبراو رۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٣٩٩ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزب کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپیچینەوە رەوانەی گرتووخانەی سنە و پاش ٢٢ رۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
بەپێی ئەم راپۆرتە، زانا کەسرایی رۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٩ لەلایەن دادگای "شۆڕش"ی سنەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردی کوردستانی ئێران ٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و دواتر ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ساڵێک بەندکران داشکاوە.
