هانا: رۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ – (٦ی دیسەمبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر بۆ تێپەڕاندنی سزای ٤٥ ساڵ بەندکران گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی “ئێران” لە ورمێ.
هاوکارانی هانا لە راپۆرتێکدا ئاگاداریان کردین ناوی ئەم شارۆمەندە کوردە "محەممەد برۆکی میلان" تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی ماکۆیە.
بەپێی ئەم راپۆرتە ناوبراو پاییزی ساڵی ١٣٩٤ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و لەلایەن دادگای "شۆڕش"ەوە ٢٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و پاییزی ١٣٩٧ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
شایانی باسە "محەممەد برۆکی میلان" بە تۆمەتی "محاڕبە" و ئەنجامدانی کاری چەکدارانە دژی حکومەتی ئیسلامی لە لقی یەکی دادگای "شۆڕش"ی "خۆی" ٢٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستاش بۆ تێپەڕاندنی سزای ٤٥ ساڵ بەندکران بۆ بەندی یەکی بەندیخانەی "ئێران" لە ورمێ گوازراوەتەوە.
