سونقور و کولیایی: کوشتنی ژنێک بە دەستی هاوسەرەکەی 

هانا: بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژێمر ٥ سەرلەبەیانی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ (١ی نوامبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی ژن خەڵکی سونقور و کولیایی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم ژنە لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا و بە کەرەسە و شتی قورس لێیدراوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە. هۆکاری ئەم قەتڵە کێشەی بنەماڵە ناونراوە. 

شایانی باسە، هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە گۆیا ژنێکی دیکە لە ئاوایی "قوڕیشکاک" لە ناوچەی ماکۆ بە هۆی ئەوەی کە ژنەکە کۆرپەی کچی بووە، بە دەستی هاوسەرەکەی کوژراوە. 

هەرچەند سەرچاوەکانی هەواڵی هانا تا ئێستا ئەم راپۆرتەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام یاسا و رێساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران وەها داڕێژراون کە هەڵاواردن و دژایەتی ژنانی بە بەرینی و ئاشکرا تێیدا بەدی دەکرێ و هەر ئەمانە بوونە هاندەر و پشتیوانێک بۆ توندوتیژی لە دژی ژنان لە کۆمەڵدا. ٤٣ ساڵە حکومەتی ئیسلامی بە بانگ و سەڵا و هەموو دامودەزگای راگەیاندن دژایەتی خۆی لەگەڵ ژنان بە گوێی خەڵکدا دەدا و هێزە چەکدارەکانی پۆلیس و پاسدار و بەسیج بە پانایی ئێران لە شەقام و کۆڵانەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم یاسایانە و تەنانەت لە سەر جۆری جل و بەرگ بە ئاشکرا سەرکوتی ژنان دەکەن. حکومەت بە هەموو هێزییەوە ٤٣ ساڵە سەرکوتی ژنانی ئێران دەکا و ئەم سیاسەت و سیستەمەی حکومەت لە دژی ژنان رەچاوی گرتووە لە ژیانی بنەماڵەکانیشدا رەنگی داوەتەوە و رووداوی ئاوا دڵتەزێنێ لێ دەکەوێتەوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular