هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سنەوە رایانگەیاند، رۆژی سێشەممە ٢٠ی رەزبەری ١٤٠٠ – (١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، دوو دز چوونە ناو ماڵێکەوە لە سنە و مناڵێکی ٢ ساڵانەیان کوشتووە یا بوونە هۆکاری مەرگی.
بەپێی ئەم راپۆرتە، دوێنێ سێشەممە لە گەڕەکی "دادگوستەری" سنە، دوو دز بە کلیلەوە دەچنە ماڵێکەوە کە تەنیا دایک و مناڵێکی تێدا بوو. دزەکان لە کاتی دزیدا بوونە هۆکاری مەرگی کچێکی ٢ ساڵان بە ناوی "مەتاعی" و دوایە لەوێ رۆیشتوون. دایکی ئەو مناڵەش بە هۆکاری نادیار لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنەیە و زمانی لە گۆ کەوتووە. تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، هۆکار و شێوەی کوشتنی ئەم کچە بە تەواوی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
شایانی باسە ئاماری دزی و قەتڵ و تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە راپۆرتی رۆژانەدا کە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دێت روو لە هەڵکشانە و ئەم دیاردەیەش سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گوشاری ئابووری و کۆمەڵایەتی، بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵی ئێران.
