هانا: رۆژی هەینی ٢٦ی خرمانانی ١٤٠٠ – (١٧ی سپتەمبری ٢٠٢١)، کۆڵبەرێک بە هۆی وەستانی دڵییەوە و بەرگرتنی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بۆ گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "شەوکەت قوربانی" خەڵکی ئاوایی "زاور" لە ناوچەی "نودشە" راگەیەندراوە.
بەگوێرەی ئەو رپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، ناوبراو لە کاتی کۆڵبەریدا کەوتووەتە کەمینی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە و بە هۆی گوشاری زۆر لە کاتی راکردن و دڵڕاوکێ و سترێس، دڵی وەستاوە و گیانی لەدەستداوە.
شایانی باسە یەکێک لە ئەفسەرەکانی هەنگی سەر سنوو، بە ناوی "سەعید جەماڵی" خەڵکی کەنگاوەر، بەری بە هاتنی هێزەکانی فریاکەوتن گرتووە و نەیهێشتووە گیانی ئەم شارۆمەندە لە مەرگ رزگاری بێ و لە ئاکامدا دوای چەند کاتژمێر بێ فریاکەوتنی پزیشکی و راگواستنی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.
جێگای ئاماژەیە، بەگوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، لە بەرەکانی جەنگدا لەگەڵ دیل و بریندارەکانی مەیدانی شەڕیش بەم جۆرە هەڵسوکەوت ناکرێ و دەبێ مافی دەستڕاگەیشتنیان بە پزیشک و دەوا دەرمان بپارێزرێ. بەم پێیە ئەم کردەوەیەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران وەک کوشتنی بە ئەنقەست واتە "قەتڵی عەمد" دێتە هەژمار و پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لە کوردستان کە رۆژانە لەلایەن ئەو هێزانەوە بەڕێوەدەچێ.
