بەرپرسانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی بوون 

بەرپرسانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای نیگەرانی لە ئەگەری بەڕێوەچوونی کوتوپڕی سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی، خوازیاری هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی ناوبراون. 

 

بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەرپرسانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ١٢ی خەرمانان بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندرنێک، داوایان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە بە زووترین کات سزای لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی هەڵوەشێننەوە.
لە بەشێک لەم راگەیاندنەدا وێرای ئاماژە بە دانپێدانانی زۆرەمڵێ حەیدەر قوربانی، جەخت کراوەتەوە کە پێدەچێ لە کەیسی ناوبراودا زۆرێک لە بەندەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کراوە.

هەروەها لەم راگەیاندنەدا هاتووە، لێدوانەکان سەبارەت بە ئەشکەنجە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە حەیدەر قوربانی جێگای نیگەرانییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم لێدوانانە نەبووەتە هۆی ئەوەیکە هیچ بەدواداچوونێک لەم بارەوە نەکرێت و پێ دچێت لە پڕۆسەی بەرێوەچوونی دادگایی ناوبراو هیچ سەرنجێک لەلایەن دادگاوە بەم بابەتە نەدرابێت. 
لە لایەکی دیکەوە، بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک داوایان لە سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، جیهان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە پێش بەم حوکمە نادادپەروەرانەیەی دادگای حکومەتی ئیسلامی ئێران بگرن. 

گوایە لەم دوایانەدا دەزگای داد و قەزایی شاری سنە بەدوای رەت کرانەوەی داواکاریی پێداچوونەوە لە لەیەن دیوانی باڵای نیزامەوە، ئەم حوکمەی بە مەبەستی بەڕێوەچوونی ناردووە بۆ بەشی بەرێوەبردنی تاوانەکانی کامێران. 

جێگەی ئاماژەیە، حەیدەر قوربانی لە مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٥ وێرای دوو کەسی دیکە دەستبەسەر و تاوانی "بەغی" بەسەردا سەپابوو. 
هاوکات پارێزەری ئەم بەندکراوە سیاسییە جەختی کردووەتەوە، هیچکام لەو خاڵانەی تۆمەتی "بەغی" پشتی پێ بەستووە، حەیدەر قوربانی ناگرێتەوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular