هانا: بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن هاوکارانی مافی مرۆڤی هاناوە هاتووە، رۆژانی شەممە و یەکشەممە ٦ و ٧ی خرمانانی ١٤٠٠ سێ شارۆمەندی کورد ناوچەی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، رۆژی شەممە ٦ی خرمانانی ١٤٠٠ – (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شارۆمەندێکی کورد بە ناوی "جەبار پێشاهەنگ" پێشنوێژی ئاوایی "خانلەر"ی ناوچەی شنۆ و وێرای پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان قۆڵبەست و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەرەوەها لەم راپۆرتەدا هاتووە، رۆژی یەکشەممە ٧ی خرمانانی ١٤٠٠ – (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیتلاعات دوو شارۆمەندی دیکەیان لە ناوچەی شنۆ دەسبەسەر سەر کردووە. ناسنامەی ئەم شارۆمەندانە "حەیدەر عەلیزادە" خەڵکی ئاوایی "قزناوێ" و "شێرزاد مامەندی" خەڵکی ئاوایی "نەرزیوێ" لە ناوچەی شنۆ راگەیاندراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو دوو شارۆمەندە کوردە بە بێ هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەوە.
شایانی باسە تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو شارۆمەندانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.