هانا: ناسر فەهیمی بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی، پزیشکی کورد و سوننی، لەم ساڵانەی دواییدا و مانگی گەلاوێژی ئەمساڵیش بۆ چەندەمین جار بە مەبەستی چاوپیکەوتنی بەپەلە و زەرووری بە پزیشکی چارەسەر، داوای ئیجازەی پێویستی کردبوو کە لەگەڵ دژایەتی بەرپرسانی بەندیخانە بەرورووبۆتەوە.
یەکێک لە خزمانی ناسر فەهیمی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانای راگەیاند، ناسر فەهیمی لە ماوەی ١١ ساڵ بەندکرانی بەردەوام و بێ ئیجازەی هاتنەدەرەوەی خۆیدا، بە هۆی لەقاودانی ئەشکەنجە و ئازار و جینایەت لە ناو بەندیخانەکاندا لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەەوە و دەرکردنی راگەیاندن لەم بارەوە لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە بەندیخانەکاندا لەلایەن مەئمووران و بەرپرسانی بەندیخانەوە، ناردنی نامەی ناڕەزایەتی و رەخنە بۆ کاربەدەستان و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی، گەلێک جاران کەوتووەتە بەر تووڕەیی و تۆڵەی بەپرسانی دەزگای داد و قەزایی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە.
بەگوێرەی هەواڵی تر هەر لەم پێوەندییەدا، ناوبراو، بە درێژایی ئەم یازدە ساڵەی بەندکرانی، زۆر جار کەوتووەتە بە رەفتاری خراپ بۆ وێنە، دەستی بە هیچ خزمەتگوزارییەکی دادپەروەرانە رانەگەیشتووە، دەوا و دەرمانی تایبەتی لە قەدەغە کراوە، مافی پێوەندی گرتن و مافی بوونی تەختی خەو، مافی چاوپێکەوتن، مافی مەرەخەسی لێ زەوت و قەدەغە کراوە. هەروەها گەلێک جاران رەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە و جگە لە هەموو ئەم بێ مافییانە بەرپرسانی بەندیخانە نەیانهێشتووە تەنانەت دەرمانی زۆر زەروور و پێویستیشی بە دەست بگات.