هانا: بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ورمێ بە بڵاوکردنەوەی هێندێک وێنە باس لەوە دەکەن شۆفیرێک بە بیانووی بێ حیجابی بە ماشێنەکەی لە دوو ژنی داوە.
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، شۆفیری ماشێنێکی "پەرشیا" کە ژنیێکیشی لە ماشێنەکەدا لەگەڵ بوو، دوای ئەوەی لە شەقامی "کاشانی" ورمی، بە بیانووی "بێ حیجابی" سەرکۆنەیان دەکەن و دەنگیان دەدەن، شۆفیرەکە بە ماشێنەکەی لە هەر دوو ژنەکەی داوە و کردوونی بە ژێر ماشێنەکەوە. لە ئاکامی ئەم کردەوە دژە ژن و دژە ئازادییەدا هەر دوو ژنەکە بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەیان راگواستوون.
لە ئێران "حیجاب" بۆ ژنان زۆرەملییە و هەر ژنێک لەم یاسایە سەرپێچی بکات لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە سزا دەدرێت و هەروەها هەر کەسێک توندوتیژی بکات لەگەڵ ئەم ژنانەی "حیجاب"یان نییە و یاساکە پێشێل دەکەن بەپێی یاسای ئێران، بە بیانووی ئەوەی "ئەمر بە مەعەڕووف و نەهی لە مونکریان" ئەنجام داوە سزا نادرێ. واتە ئەو ژنانەی ئەم یاسایە دەبەزێنن و جلوبەرگەکەیان بە دڵی حکومەت نییە، بە پێی یاسای ئێران کەسێک کە لە ناوەڕاستی شار و سەر شەقام و کۆڵان ئەشکەنج و ئازاریان بدا و سووکایەتییان پێ بکا سزا نادرێ و حکومەتی ئێران بەمە دڵی خەبات لە دژی بێ حیجابی.
شایانی باسە حکومەتی ئێران ئەوە ٤٣ ساڵ هەڵگری ئەم درۆشمە و ئازادی ژنان زەوت و پێشێل دەکا، بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نەبووە و گەلێک کارەساتی دڵتەزێنی لێ کەوتووتەوە و گەلێک کاردانەوە و ئاسەواری کۆمەڵایەتی قەرەبوو نەکراوەی لێ کەوتووەتەوە.