هانا: رۆژی چوارشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، لە دوو رووداوی دڵتەزێن و جیاوازدا ١٣ کۆڵبەر لە بانە بوونە قوربانی.
هەواڵنێری "کۆڵبەر نێوز" لە راپۆرتێکدا لەمبارەوە رایگەیاند ١٠ کەس لەم شارۆمەندانە لە رووداوێکی هاتووچۆدا بە هۆی پێکدادانی دوو ماشێن بووە و ٢ کەس لەو کۆڵبەرانە بە ناوەکانی "جەماڵ شەریفی" و "مەهدی مەولوودپوور" گیانیان لەدەستدا و ٨ کەسیش بریندار بوون. ناسنامەی ئەم ٨ شارۆمەندەی بریندار بوون بەم جۆرەی خوارەوەیە:
١ سەردار رۆستەمزادە
٢ یاسر ساڵحی
٣ عەبدولخالەق شەریفی
٤ حیسامەدین موساتەوەکولی
٥ سیامەک ئارام
٦ موحسین ئیسماعیلی
٧ سینا عەبدوڵڵاهی
٨ موزەفەر پەناهی
هەوەها هەواڵنێری "کوردپا" بە راپۆرتێکدا کە بڵاوی کردووەتەوە رایگەیاندووە، ٣ کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی "بڕوێشکانی" ناوچەی بانە بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی بانە کراون.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە.
بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ.
