سنە: پشکنینی ماڵی باوک و خوشکی بەندکراوێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە 

هانا: بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوک و خوشکی “ئارام مرادیان” لە ئاوایی “تەنگیسەر” و پشکنیویانە. 

رۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٩ی ژولای ٢٠٢١)، هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێران رژاونەتە ماڵی "عوسمان مرادیان" و "شایستە مرادیان" باوک و خوشکی "ئارام مرادیان" لە ئاوایی "تەنگیسەر" لە ناوچەی "ژاوەرۆی" سنە و ماڵەکەیان پشکنیون. 
ئارام مرادیان، رۆژی سێشەممە ٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢١، لەگەڵ "ئەمیر رەزایی" و "ئارش ئەحمەدی" خەڵکی ئاوایی "تەنگیسەر" لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پێکەو دەستبەسەر کرابوون. هاوکارانی هانا رایانگەیاند هێزە ئەمنییەکان بە بێ هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی ئەم ٣ شارۆمەندە کوردەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستبۆوە. 

لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندانەوە تا ئێستا بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەیان بۆ زانیاری لە سەر چارەنووسی رۆڵەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە. هەر بۆیە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە گرتن و بێسەروشوێن بوونی ئەم شارۆمەندانە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، نیگەرانی چارەنووسیانە. 

شایانی باسە، ئارام مرادیان و ئەمیر رەزایی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩یش بانگ کرابوونە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و لێپیچینەوەیان لەگەڵ کردبوون. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  

لەم پێوەندەییەدا بەندەکانی ٩، ١٢، ١٩ و ٢٠ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە)، لە خوارەوە دەخەینە بەر دیدەی خوێنەران. 

بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٢- بەزاندن و خۆتێهەڵقوتاندنی سەرەڕۆیانە لە هەرێمی ژیانی تایبەتی، بنەماڵە، نامە و پێوەندییەکان، ماڵ و شوێنی ژیانی هەر مرۆڤێکدا قەدەغە و مەحکوومە. هەر بەم پێیە کەڕامەت و شەڕافەت و ئابڕووی هیچ کەس نابێ بکەوێتە بەر دەستدرێژی و سووکایەتی. لە بەرامبەر ئەم جۆرە خۆتێهەڵقتاندن و هێرشانەدا هەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی لەلایەن یاسا و ناوەندە قەزاییەکانەوە پشتیوانی لێ بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ. 

RELATED ARTICLES

Most Popular