دەستبەسەر کردنی دوو شارۆمەندی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە 

هانا: رۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٦ی ژولای ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "ئەسعەد عەلایی" تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە راگەیەندراوە. 
بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، ناوبراو بە بێ هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی سنە گوازراوەتەوە. 
شایانی باسە تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە. 

هەروەها رۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٩ی ژولای ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی دیکە لە ناوچەی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە. 
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە، "چیا ئاغابەیگ‌پوور" خەڵکی ئاوایی "رەحیم خان" لە ناوچەی بۆکان راگەیەندراوە. 
بەپێی ئەم راپۆرتانەی گەیشتوون، ناوبراو بە تۆمەتی لایەنگری لە یەکێک لە حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  

لەم پێوەندەییەدا بەندەکانی ٩، ١٩ و ٢٠ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە)، لە خوارەوە دەخەینە بەر دیدەی خوێنەران. 

بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ. 

 

RELATED ARTICLES

Most Popular