پیرانشار: بریندارکرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران 

هانا: سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (١٤ی ژولای ٢٠٢١)، لاوێکی کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی سنووری “زێوکە و ماشکان” لە ناوچەی پیرانشار بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە توندی بریندار بوو.

 
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "موسا زیباپوور" خەڵکی پیرانشارە و دوابەدوای بریندار بوونی رەوانەی نەخۆشخانەی پیرانشار کراوە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 

بەندی ٢٣ و خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. 

بەندی ٢٣:
خاڵی یەکەم: هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە کار بکا، کاری خۆی ئازادانە هەڵبژێرێ، خوازیاری هەلومەرجێکی دادپەروەرانە و جێگای رەزامەندی خۆی بۆ کار کردن بێ و لە بەرامبەر بێکاریشدا پشتیوانی لێ بکرێ. 
خاڵی دوویەم: هەمووان مافی ئەوەیان هەیە بە بێ هەر جۆرە جیاوازی و هەڵاواردنێک، لە بەرامبەر کاری یەکساندا هەقدەستی یەکسان وەرگرن.  
خاڵی سێیەم: هەر کەسێک کار دەکا مافی خۆیەتی هەقدەستێکی گونجاوی لە بەرامبەردا وەرگرێ کە کەڕامەتی ئینسانییەکەی بپارێزێ و جێگای رەزامەندی خۆی بێ و ژیان و بەڕێچوونی خۆی و بنەماڵەکەی دابین بکا و ئەگەریش پێویست بکا (واتە بەشی نەکردن) بە باقی شێوەکانی مافی کۆمەڵایەتی بۆی پڕ یا قەرەبوو بکرێتەوە. 
خاڵی چوارەم: هەر کەسێک مافی خۆیەتی بۆ پاراستنی مافەکانی سەندیکا دامەزرێنێ یا ببێتە ئەندامی سەندیکای دیکە. 

بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular