هانا: رۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (١٣ی ژولای ٢٠٢١)، کۆڵبەرێک لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی ئیسلامی ئێرانەوە تەقەی لێ کرا و بریندار بوو.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "زاهیر تەزاهوم" خەڵکی ئاوایی "نمینجە" لە ناوچەی پیرانشار راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، ئەم شارۆمەندە کوردە لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "حاجی عومەران" بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران پێکراوە و بریندار بووە.
شایانی باسە، ئەم شارۆمەندە کوردە بە مەبەستی چارەسەر کردنی برینەکانی رەوانەی ناوەندە پزشکی و دەرمانییەکانی پیرانشار کراوە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
