هانا: رۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (١٠ی ژولای ٢٠٢١)، لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران لە سەر سنوور دوو کۆڵبەر بریندار بوون.
ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە " موختار شەریفی" خەڵکی ئاوایی "مەنجیلان" و هەروەها "میکاییل" خەڵکی ئاوایی "کانی بناو" لە ناوچەی بانە راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، ئەم دوو شارۆمەندە لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "نەنۆر"ی ناوچەی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە تەقەیان لێ کراوە و لە ئاکامدا پێکراون و بریندار بوون.
شایانی باسە ئەم دوو کۆڵبەرە بۆ چارەسەری برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی "سەلاحەدینی ئەیوبی" بانە کراون.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا.
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن یا گرتن و ئەشکەنجە کردنیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
