دیواندەرە: دەسبەسەرکرانی شارۆمەندێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە 

هانا: رۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕ – (٦ی ژولای ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لە ناوچەی دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "ئەحمەد سادقی" تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "شاقەڵا" لە ناوچەی دیواندەرە راگەیەندراوە. 
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، ناوبراو سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بێ بڕیاری دادوەر و هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. 

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە کوردە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  
لە خوارەوە و لەم پێوەندیەدا بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەنووسینەوە. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 

هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی ئاشکرای بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. 

RELATED ARTICLES

Most Popular