دیواندەرە: دەستبەسەر کردنی شارۆمەندێکی دیکە لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە 

هانا: رۆژی شەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٦ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی تر لە دیواندەرە لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "ئەمجەد مرای" تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "دەرەگاوان" لە ناوچەی دیواندەرە راگەیەندراوە. 
بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، ناوبراو لە کاتی گەڕانەوە لە "قوم" لەگەڵ براکەی لە پەنا مزگەوتی جامیعەی دیواندەرە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراوەتەوە. 
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە کوردە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە. 
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەمە بکەین رۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، دوو شارۆمەندی تر لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرەوە دەستبەسەر کراون. 
ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە "زانیار مرادی" خەڵکی ئاوایی "کێلە کەوە"ی ناوچەی دیواندەرە و "دلێر شامحەممەدی" خەڵکی دیواندەرە راگەیەندراوە. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  
بەندی ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لەمبارەوە بەم جۆرەی خوارەوە دەڵێ:  

بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 

بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 

RELATED ARTICLES

Most Popular