هاوکارانی هانا لە دیواندەرەوە ئاگاداریان کردین، لە درێژەی دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کورددا، رۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکان لاوێکیان دەستبەسەر کردووە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "زانیار مرادی" خەڵکی ئاوایی "کێلە کەوە"ی ناوچەی دیواندەرە راگەیەندراوە.
ناوبراو لە شارۆچکە تازەسازەکانی قەراخ شاری دیواندەرە خەریکی کاری بیناسازی بوو و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هەر ئەو رۆژە لانیکەم ٣ شارۆمەندی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی لە دیواندەرە دەستبەسەر کراون. بەڵام تا ئێستا تەنیا ناسنامەی ٢ کەسیان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دەرکەوتووە و هیچ زانیارییەکمان لە سەر ناسنامەی کەسی سێهەم بۆ نەهاتووە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
بەندی ٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لەمبارەوە بەم جۆرەی خوارەوە دەڵێ:
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
