هانا: رۆژی شەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٦ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کاروانێکی کۆڵبەران لە سنوورەکانی سەردەشت کەوتە بەر هێرشی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و شارۆمەندێکی کورد پێکرا و بەداخەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی راپۆرتێک کە هاتووە، هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی لە سنووری "دۆڵە بی" لە ناوچەی سەردەشت تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "واحید بیرانی" پێکراوە و گیانی لەدەستداوە. شایانی باسە ناوبراو خێزاندار و باوکی ٣ منداڵ بووە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا.
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن یا گرتن و ئەشکەنجە کردنیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە.
بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ.
