هەورامان: کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیران 

هانا: بەرەبەیانی رۆژی چورشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران پێکرا و گیانی لەدەستدا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "فەهیم روستەمزادە" تەمەن ٤٠ ساڵ راگەیەندراوە.  
بەپێی راپۆرتێک کە هاتووە، هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران لە بەرزاییەکانی سنووری "تەتە" لە ناوچەی هەورامان تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا ئەم شارۆمەندە کوردە پێکراوە و گیانی لەدەستداوە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 

خاڵەکانی یەکەم و دوویەمی بەندی ٢٣ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی و هەروەها خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥دا، مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. 

بەندی ٢٣: 
خاڵی یەکەم: هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە کار بکا، کاری خۆی ئازادانە هەڵبژێرێ، خوازیاری هەلومەرجێکی دادپەروەرانە و جێگای رەزامەندی خۆی بۆ کار کردن بێ و لە بەرامبەر بێکاریشدا پشتیوانی لێ بکرێ. 
خاڵی دوویەم: هەمووان مافی ئەوەیان هەیە بە بێ هەر جۆرە جیاوازی و هەڵاواردنێک، لە بەرامبەر کاری یەکساندا هەقدەستی یەکسان وەرگرن.  
 بەندی ٢٥:
خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ. 

 

RELATED ARTICLES

Most Popular