مەریوان: ئازاد کردنی شارۆمەندێک بە شێوەی کاتی لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە 

هانا: رۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢١)، “حەسەن فەرەجی” لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای سنە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. 

رۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٨ی ژوئەنی ٢٠٢١)، هێزە چەکدارەکانی سپا هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی "حەسەن فەرەجی" لە ئاوایی "لەنجاوا" لە ناوچەی مەریوان و ئەم شارۆمەندەیان قۆڵبەست کردبوو و رەوانەی گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە سنە کرابوو. 
حەسەن فەرەجی تەمەنی ٤٤ ساڵە و شایانی باسە دەستبەسەر کردنی ناوبراو بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی بووە. 

لە پێوەند لەگەڵ مافی شارۆمەندان لە کۆمەڵگادا جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە بەندەکانی ٩، ١١ و ١٢ دەخەینە بەر دیدەی خوێنەران. 

بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١١- هەر کەسێک هەر تاوانێکی درابێتە پاڵ یا پێی تاوانبار کرابێ، تا لەلایەن دادگایەکی ئاشکرا و بێ لایەنەوە کە هەموو مافەکانی بەرگری لە خۆی پارێزراو بێ، تاوانەکەی دەرنەکەوتبێ، بە بێ تاوان دەژمیردرێ.    
بەندی ١٢- بەزاندن و خۆتێهەڵقوتاندنی سەرەڕۆیانە لە هەرێمی ژیانی تایبەتی، بنەماڵە، نامە و پێوەندییەکان، ماڵ و شوێنی ژیانی هەر مرۆڤێکدا قەدەغە و مەحکوومە. هەر بەم پێیە کەڕامەت و شەڕافەت و ئابڕووی هیچ کەس نابێ بکەوێتە بەر دەستدرێژی و سووکایەتی. لە بەرامبەر ئەم جۆرە خۆتێهەڵقتاندن و هێرشانەدا هەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی لەلایەن یاسا و ناوەندە قەزاییەکانەوە پشتیوانی لێ بکرێ. 

RELATED ARTICLES

Most Popular